دەرزییەک توانی لە چوار هەفتەدا سەوەفان چاک بکاتەوە

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەوەفان یان داخورانی جومگەکان، یەکێکە لەو نەخۆشییە باوانەی دەبێتەهۆی ئازار و گرفتەکانی ئێسک.

تاوەکو ئێستا ئەم نەخۆشییە چارەسەری یەکجاریی نییە، بەڵام ئەگەری هەیە دەرزییەکی نوێ ئەمە بگۆڕێت.

لەکاتی تاقیکردنەوەی لەسەر ئاژەڵدا، دەرزییەکی نوێ توانیویەتی بە چوار هەفتە و بە یەکجاری سەوەفان چاک بکاتەوە.

توێژەران دەڵێن ئەم دەرزییە زۆر بە وردی دروستکراوە و دەتوانێت وا لە خانەی کڕکڕاگە و ئێسک بکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا خۆیان ساڕێژ بکەنەوە، واتە سەوەفانەکە پێچەوانە دەبێتەوە و بە یەکجاری چاکدەبێتەوە.

بە گوێرەی گوتەی توێژەران، تەنیا بە یەک دەرزی و لە ماوەی چوار بۆ هەشت هەفتەدا، جومگەی ئاژەڵەکان ساڕێژبوونەتەوە.

هاوکات دەرزییەکە لەسەر بەشێک لەو کەسانەش تاقیکراوەتەوە کە جومگەیان بۆ گۆڕیون بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە، واتە لە تاقیگەدا، دەرزییەکە لەسەر جومگەی چارەخوازەکان تاقیکراوەتەوە، لەم تاقیکردنەوەشدا ئەنجامی ئەرێنی و سەرنجڕاکێشی هەبووە لە ساڕێژکردنەوەی شانە لەدەستچووەکاندا.

لە ئێستادا پسپۆڕان ئامادەن بچنە قۆناغێکی دیکەی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر ئەم دەرزییە و هیوای گەورەیان هەیە بۆ چارەسەری هەمیشەیی نەخۆشیی سەوەفان.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا