7 و 8ـی مانگ؛ عێراق پێشوازی لە تەرمی خامنەیی دەکات
ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و گواستنەوەی تەرمی ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران لە عێراق بۆ ماوەی 2 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا دەگرێتەوە.
کاتی گەیشتن و پێشوازیی فەرمی
فەریق سەعد مەعن، سەرپەرشتیاری لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێوڕەسمەکە ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 7ـی ئەم مانگە، تەرمی عەلی خامنەیی دەگاتە عێراق. لە ڕۆژی یەکەمدا ڕێوڕەسمی پێشوازیی فەرمی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومی، حیزبی و ئایینی لە ئێران و عێراقەوە بەڕێوەدەچێت.
کارنامەی ڕێوڕەسمی جەماوەری
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 8ـی مانگ، کاتژمێر 6ـی بەیانی ڕێوڕەسمی ماتەمینی جەماوەری دەستپێدەکات. مەراسیمەکە لە شەقامی کووفەوە بەرەو مەیدانی سەدرەین بەڕێوەدەچێت و تێیدا هاووڵاتییان بۆ کۆتاجار ماڵئاوایی لە تەرمەکە دەکەن. دواتر تەرمەکە بەرەو شاری کەربەلا دەگوازرێتەوە و لە کاتژمێر 4ـی پاشنیوەڕۆ ڕێوڕەسمەکە لەو شارە بەردەوام دەبێت.
پلانە ئەمنییەکان و پێشبینییەکان
لیژنەی ڕاگەیاندنی ماتەمینییەکە پێشبینی دەکات ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بن. بۆ ئەم مەبەستە پلانێکی ئەمنی تۆکمە داڕێژراوە کە تێیدا وەزارەتە جیاوازەکان و سەرجەم لایەنە ئەمنییەکان بەشداریی تێدا دەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتیی بەشداربووان و ڕێکخستنی هاتووچۆ لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا.
5 کاتژمێر پێش ئێستا