میدیای تورکیا: ئەردۆغان دەیەوێت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت

عەدنان ئەحمەد 5 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی

بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئەردۆغان پلانی هەیە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت و بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنیشدا، گۆڕانکاری لە حکومەت و پارتەکەیدا دەکات و مووچەش بەرز دەکاتەوە.

مانگى ئایارى 2027 هەڵبژاردن دەکرێت

ڕۆژنامەی جومهورییەت بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی پلانی وایە؛ لە مانگی ئایاری ساڵی 2027، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی بەڕێوەبچێت.

ڕێگەى گۆڕانکارییەکان لەبەردەم ئەردۆغان

وەک ڕۆژنامەکە دەڵێت؛ ئەردۆغان بۆ سەرکەوتن لەو هەڵبژاردنەدا پەنا بۆ چەند ڕێگەیەک دەبات، لەوانەش گۆڕینی چوار تاوەکو پێنج لە وەزیرەکانی کابینەکەی، گۆڕانکاری لە ڕێکخستنەکانی پارتەکەی و بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ئاکپارتی.

بەرزکردنەوەى مووچە

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەردۆغان بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، مووچەی فەرمانبەران، کەمترین مووچە و مووچەی خانەنشینان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکرێتەوە.

ڕۆژژمێرى هەڵبژاردن

دوواین هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئایاری 2023 کرا و بەگوێرەی ڕۆژژمێری هەڵبژاردنیش، بڕیارە لە 2028 هەڵبژاردن بکرێت.

بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت بۆ سێیەمین جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکاتەوە، پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

عەدنان ئەحمەد

5 کاتژمێر پێش ئێستا