سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپارنی خامنەیی سەردانی تاران دەکات

ژوان نیزام 4 کاتژمێر پێش ئێستا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی دەچێتە تاران و پاشان چەند دیدارو کۆبوونەوەیەک بۆ پاراستنی سەقامگیریی سنوورەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تاووتووێ دەکات.

مەسعود پزیشکیان بانگهێشتى کردووە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تاران دەکات و بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران دەکات، لە پەراوێزی سەردانەکەشدا چەند دیدارو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ئەنجام بدات و پەیوەندییەکانی نێوانیان و پاراستنی سەقامگیریی سنوورەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تاووتووێ دەکات.

تەرمى خامنەیی بە ئەمانەت هەڵگیراوە

خامنەیی لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو کوژرا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە تەرمەکەی تاوەکو ئێستا وەک "ئەمانەت" پارێزرابوو بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاودا ڕێوڕەسمی شایستەی بۆ ساز بکرێت، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ناوچەکە و جیهان بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لەم مەراسیمە، کە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ پێگەی ئێران و هاوپەیمانێتییە نوێیەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبینرێت.

ژوان نیزام

4 کاتژمێر پێش ئێستا