شاژنی تێنس ماڵئاوایی لە کراوەی ویمبڵدۆن کرد
کراوەی ویمبڵدۆن بۆ تێنسی سەرزەوی لەسەر ئاستی خانمان و پیاوان دەستیپێکردووە و ڕکابەرییەکان گەیشتوونەتە قۆناغی سێیەم.
ئەوەی چاوێکی زۆری لەسەر بوو، سیرینا ویلیامزی تەمەنی 44 ساڵ بوو، کە لە دوای چەندین ساڵ دابڕان گەڕایەوە بۆ یاریگاکانی تێنسی سەرزەوی.
ویلیامز شاژنی خانمانی تێنسە
سیرینا ویلیامزی ئەمریکی، بۆیە بە شاژنی تێنسی سەرزەوی ناسراوە چونکە خاوەن زۆرترین نازناوەکانی گراند سلامە لە مێژووی تێنسی سەرزەوی خانماندا، کە 23 نازناوە.
ویلیامز ساڵی 2022 رایگەیاند کە واز لە یاریکردن دەهێنێت، ئەویش بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی و خەریکبوون بە ژیانی تایبەتی خۆی، بەڵام ئێستا کە تەمەنی 44 ساڵە گەڕایەوە بۆ ڕکابەرییکردن و هەمووانی بەم هەواڵە شۆک کرد.
یەکەم قۆناغی تێنەپەڕاند
ویلیامز نەیتوانی بەرامبەر مایا جۆینتی ئوستراڵی براوە بێت، هەرچەندە سێتی دووەمی لێبردەوە، بەڵام بەهۆی پێکانی ئەژنۆیەوە نەیتوانی بەردەوام بێت، هۆکارەکەش ئەوە بوو ماوەیەکی زۆرە دابڕاوە و تەمەنیشی بەرەو هەڵکشان چووە.
ویلیامز سەڕەرای شکست بەڵام پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن هاندەرانەوە لێکرا، گەڕانەوەکەی بەس بوو بۆ ئەوەی سەرنجی هەموو هاندەران و میدیاکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
ویلیامز لە کاروانی وەرزشی خۆیدا خاوەن 23 نازناوی گراند سلام و چوار مەدالیای ئاڵتوونی ئۆڵۆمپیادە، خاوەن 73 نازناوە بە گشتی، بە یەکێک لە ئەفسانەکانی جیهانی تێنس ناسراوە.

02/07/2026