شەش گەنجی شێلادزێ دەکەونە بۆسەیەکی سەربازانی تورکیا دواى لێدانێکى زۆر و شەو و ڕۆژێک دەستبەسەرکراون

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا

شەش گەنجی دانیشتووی شێلادزێ شەوی ڕابردوو بۆ گیای بەهارەچوونەوە دەورووبەری گوندەکەی خۆیان، بەڵام لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستبەسەرکراون و دوای ڕۆژێک لە ئەشکەنجەدانیان ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە ماڵەوە.

بۆ کۆکردنەوەى گژوگیاى بەهارە چوون

کامەران عوسمان، ڕێکخەرى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوى CPTـى ئەمریکی لەوبارەیەوە دەڵێت، سەر لە بەیانی ڕۆژی ڕابردوو 1ـى تەممووز، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێی سەر بە شارۆچکەى ئامێدی، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای خۆڕسک و بەهارە ڕوویان کردووەتە گوندەکانی (بێسەپێ و کوکەرێ) لە نزیک چیای کوڕەژارۆ لە پشتی شیلادزێ. لە کاتێکدا کە بە ڕێگاوەن بۆ ئەم گوندانە، دەکەونە ناو کەمینێکی سەربازانی تورکیا و دەستگیردەکرێن.

ئەشکەنجە و لێدانى سەربازانى تورک

دەشڵێت، سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەنگ و شەق و زلە لەو گەنجانەیان داوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، ئەمڕۆ ڕێگە بە گەنجەکان دراوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و پێیان دەڵێن "ئەگەر جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە ئەوا ژیان بە چاوی خۆتان نابیننەوە و دەتان کوژین".

پەلامارى گوێدرێژەکەشیان دراوە

هەر لەسەرووبەندی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ئەو گەنجانە، سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەگ و بەرد ئازاری ئەو گوێدرێژەشیان داوە کە گەنجەکان بۆ بارلێنان و ئاسانکاری لەگەڵ خۆیاندا بردبوویان و خەڵتانی خوێنکراوە.

شیلادزێ زیانمەندترین ناوچە

بەگوێرەی ڕێکخەرى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوى CPTـى ئەمریکی، شارەدێی شیلادزێ، یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆرینەی خەڵکەکەی لەسەر کۆکردنەوەی گیا خۆرسکەکان و جوتیارییە.

سنوور بەزاندنى تورکیا و لەشکرکێشییەکانى بۆناو خاکى باشوورى کوردستان

تورکیا بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی کوردستان و بە گۆڕینی جوگرافیای ناوچەکە و دروستکردنی ڕێگەی سەربازی، هاتوچۆی لە گوندنشینانی زیاد لە 220 گوند قەدەغە کردووە و ئەم هێزە ڕێگری لە دانیشتووانی ئەو گوندانە دەکەن و ڕێگەیان پێ نادات بگەڕێنەوە سەر زێد و موڵک و زەویوزاری خۆیان.

لەو گوندانەدا هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی، ڕەز و باخی دارستانی چڕ، کەوتوونەتە بەر مەترسیی بوونی سوپای تورکیا، هەرچەندە دەنگی تۆپ و هاوەن کەمیکردووە، بەڵام داگیرکاری بەردەوامە و ڕێگە نادرێت بە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا