تەرمی خامنەیی لەناو ساردکەرەوەدا هەڵگيراوە و مۆميا نەکراوە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دانانی چەندین پۆستەری وێنەی عەلی خامنەیی لە شەقامەکانی تاران. فۆتۆ: AFP
دانانی چەندین پۆستەری وێنەی عەلی خامنەیی لە شەقامەکانی تاران. فۆتۆ: AFP

ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی باڵای وڵاتەکە لە 9ی ئەم مانگەدا، ئەوەش دوای چوار مانگ لە کوژارانی لە هێرشێکی ئەمريکا و ئيسرائيلدا لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ.

پێشبینی دەکرێت ملیۆنان کەس بەشداری ڕێوڕەسمەکە بکەن

لە چوارچێوەی ئامادەکارييەکاندا، دەسەڵاتدارانی ئێران چەکدارەکانی بەسیج کۆدەکەنەوە و ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوان ئەنجام دەدەن، پێشبینی دەکرێت مليۆنان کەس بەشداریی ڕێوڕەسمەکە بکەن و مێژووی بێت.

پرسیارەکان لەسەر دواکەوتنی ناشتنی تەرمی خامنەیی

دواکەوتنی ناشتنی تەرمی خامنەیی پرسياری ئەوەی ورووژاندووە، تەرمەکە چۆن ئەو ماوە درێژە پارێزراوە و لەکوێ هەڵگيراوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی نەريتی ئایينیی ئيسلام دەبێت دەستبەجێ بنێژرێت و نابێت ئەو ڕێوڕەسمە دوابخرێت.

"مۆمیاکردن دژی ئایینی ئیسلامە"

محەممەد عومەر، مێژوونووس بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، ميکانيزمی هەڵگرتنی تەرمەکە لەوەدەچێت کە لە ساردکەرەوەدا بێت نەک پڕۆسەيەکی کيميایی وەک مۆمياکردنی بۆ کرابێت، چونکە ئەوە دژی ئايینیی ئيسلامە".

نەریتی شیعە لە دواخستنی ناشتنی تەرم

دەشڵێت، "بەگوێرەی نەريتی شيعە لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا ئاساييە ناشتنی تەرم دوابکەوێت و لە ساردکەرەوەدا هەڵبگيرێت، سەرکردەيەکی باڵای وەک خامنەیی بە ئاسانی ئەو حاڵەتە نائاساييە دەيگرێتەوە".

مەيتخانەکانی پزيشکی دادی ئێران بۆ چەند مانگێک تەرمەکان هەڵدەگرن، بۆيە نامۆ نييە ئەگەر تەرمێک ماوەی چوار مانگ هەڵبگيرێت.

ماوەی ڕێبەڕایەتی خامنەیی

خامنەی 36 ساڵ ڕێبەرایەتیی ئێرانی کرد، ڕۆژی 28ی شوبات لە هێرشێکی ئەمريکا و ئيسرائيلدا بۆ سەر تاران لە ژێرزەمينەکانی ئەو شارەدا کوژرا.

ئەوانەی لەگەڵ خامنەیی کوژراون بە دی ئێن ئەی ناسراونەتەوە

ئەو پسپۆڕە مێژووييە دەڵێت، خامنەیی بە هێرشی سەر ژێرزەمينەکان کوژراوە بۆيە ڕەنگە تەرمی نەبێت و پاشماوەی هەبێت، چونکە ئەو کەسانەی لەگەڵيدا کوژرابوون دوای چەند هەفتەيەک دەرهێنرانەوە و بە دی ئێن ئەی ناسرانەوە.

دابینکردنی ئاسایشی ڕێوڕەسمی ناشتنەکە

بەگوێرەی ميدياکانی ئێران، پێنج ڕۆژ پشوو ڕاگەيێنراوە، تاران ئامادەکاریی ئەمنی بۆ ناشتنەکە کردووە و هێزەکانی بەسيج و سوپای پاسداران ئاسایشی ڕێوڕەسمەکە دابيندەکەن".

دەسەڵاتدارانی ئێران، پرسەکە هەم وەک ماڵئاوایی لە ڕێبەر و هەم وەک پیشاندانی هێز لەژێر دروشمی، "دەبێت هەستینەوە" نیشان دەدەن.

بۆنەیەکی مێژوویی دەبێت

یەعقوب سولەیمانی، يەکێک لە ڕێکخەرانی ڕێڕەسمی ناشتنەکەيە دەڵێت، "بۆنەيەکی مێژووی دەبێت و يەک مليۆن کەس بەشداری تێدا دەکەن و ئەو ڕۆژە وەک داستانێکی نەتەوەیی لە یادی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەمێنێتەوە".

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا