شاسوار عەبدولواحید: پێویستە کۆتایی بەوە بهێندرێت کە تەنها یەک لایەن هەموو پۆستەکانی لەدەست بێت

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید وردەکاریی ئامانجی هاوپەیمانێتییەکەیان و مەترسییەکانی سەر داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.

ئامانجی ڕێککەوتنەکە و خزمەتی خەڵک

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە سیاسییە دژى هیچ لایەنێک نییە و ئامانجی سەرەکی تەنیا بۆ خزمەتکردنی خەڵکە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بەرژەوەندى خەڵک بخەنە پێشەوە، ئەوا هەموو لایەک سەرکەوتوو دەبن، جەختیشی کردەوە کە ئێستا کاتى جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەیە کە بە هاووڵاتییانیان داوە.

مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هۆشداریی دا لە دۆخی ئێستای هەرێم و ڕایگەیاند، هەرێمى کوردستان لە مەترسیدایە و ئەگەر فریای نەکەون، ئەم هەرێمە نامێنێت. باسی لەوەش کرد کە ئەم ساتەی ئێستا پێویستى بە ئازایەتى بڕیاردان هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم دۆخە هەڵوێستیان هەبێت.

گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی و دابەشکردنی پۆستەکان

سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم، شاسوار عەبدولواحید وتی، نابێت چیتر یەک لایەن پۆستى سەرۆکى حکومەت و هەموو پۆستەکانى لە دەست بێت. دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەرێمى کوردستان بە ئیرادەى خەڵک بەڕێوەببرێت نەک بە ئیرادەی بنەماڵەیەک.

ڕێککەوتن لەسەر نووسینی دەستوور

یەکێک لە خاڵە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو لایەن پرسی یاسای بنەڕەتییە. شاسوار عەبدولواحید ئاشکرای کرد کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر نووسینى دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، تاوەکو چوارچێوەی یاسایی بۆ حوکمڕانی دیاری بکرێت.

فراوانکردنی هاوپەیمانێتییەکە بۆ لایەنەکانی دیکە

لە کۆتایی قسەکانیدا، شاسوار عەبدولواحید ئامادەیی هاوپەیمانێتییەکەی نیشان دا بۆ کارکردنی پێکەوەیی و وتی، بەخێرهاتنى هەر لایەنێکی سیاسی دەکەن کە بیەوێت بێتە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە بە مەبەستی گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا