بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراق ئێمە هێزى یەکەمین

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پاش واژۆکردنی ڕێککەوتنی "هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژاندنەوە" لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستراتیژی نوێی حیزبەکەی بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانی و چاکسازی لە سستمی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و خزمەتکردنی خەڵک

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە وەک "ڕۆژێکی نوێ" لە مێژووی سیاسی کوردستان هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بەڵێنی زۆریان بە میللەت داوە و پابەند دەبن بە جێبەجێکردنیان. بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی: "بەهەشتێکمان هەیە و نەمانزانیوە چۆن خزمەتى بکەین"، جەختیشی کردەوە کە بەرپرسیارێتی تەنیا بە واتای خزمەتکردنی خەڵک دێت.

ڕەخنە لە شێوازی حوکمڕانی و گەندەڵی

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتێک و شێوازێکی حوکمڕانییان دەوێت کە جیاواز بێت لەوەی پێشتر هەبووە. ڕاشیگەیاند، بە ترس، تۆقاندن، گەندەڵی و ڕێزنەگرتن لە میللەت حکومەت ناڕوات بەڕێوە و ئەو کارانە دەبنە هۆی ڕووخانی حکومەت. داواشی کرد لەمڕۆوە بەدواوە خەڵک چاوەڕوانی سیاسەتێکی دروست و جیاواز بن.

هەڵەکانی ڕابردوو و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕەخنەی لە بڕیارە سیاسییەکانی ڕابردوو گرت و ڕایگەیاند، لە دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە دەیان بڕیار لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا دراون کە هەموویان "هەڵە" بوون. هەروەها تیشکی خستە سەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ و وتی: "پێکهێنانى حکومەت زۆر دواکەوتووە".

ڕۆڵی یەکێتی و پاراستنی قەوارەی هەرێم

لەبارەی پێگەی حیزبەکەی، بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە یەکێتی هەموو هێز و پەیوەندییەکانی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێتی لە پێناو میللەت قوربانی زۆری داوە و بەرپرسیارێتی گەورەی هەڵگرتووە. وتیشی: "ئەمڕۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، ئێمە هێزی یەکەمینین".

کراوەیی هاوپەیمانێتییەکە بۆ لایەنە جیاوازەکان

سەبارەت بە فراوانکردنی بازنەی هاوپەیمانێتییەکەیان، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، دەرگای "هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژاندنەوە" بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان کراوەیە. ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگایان بۆ ئۆپۆزسیۆن، حیزبە ئیسلامییەکان و تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستانیش کراوەیە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەم پرۆسەیە.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا