سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: ئامانجی ڕێککەوتنەکە ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێزە لە هەرێمی کوردستان

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان
کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان

کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوسەنگی و بوژانەوە بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێزە لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش  ئەنجامەکەی گرنگە، چونکە ئەگەر ڕەنگنەداتەوە لە ئەرزی واقیعدا ئەوا هەر تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاز دەمێنێتەوە، بەڵام بە هیوای ئەوەی باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕاستبێتەوە و دەستوورێکی هەمیشەیی هەبێت.

پیشتر ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەرزی واقیع تەرجەمە کرابوو

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بوڵتنی هەواڵەکانی کەناڵ8 ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی هاوسەنگی  و بوژانەوە، لە ڕاستیدا بەر لە ئیمزاکردنی چووبووە پێشەوە و لەسەر ئەرزی واقیع تەرجەمە کرابوو، بەڵام هەندێک وردەکاریی تەنکنیکی و چۆنێتی جێبەجێکردن و خاڵەکانی پەیوەندار بە خەڵکەوە تۆزێک دوایخست.

گرەوکردن لەسەر لەباربردنی ڕێککەوتنەکە

 سەبارەت بە گرەوکردنی لەوەبەر لەسەر لەباربردنی ڕێککەوتنەکە، کوردەوان جەمال جەختیکردەوە، ئەوانەی گرەویان لەسەر لەباربردنی کردبوو، بەڵام دەرکەوت لە کۆتاییدا واژۆکرا و بە هیوای ئەوەی پشت بەخوا ببێت بە مایەی خێر بۆ خەڵک و میللەت.

تەرجەمەکردنی ئەنجامی ڕێککەوتنەکە

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتیکردەوە، واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە ئەنجامەکەی گرنگە، چونکە ئەگەر بێتوو تەرجەمە نەکرێت بۆسەر ئەرزی واقیع، ئەوە  تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەبێت، بەڵام بە هیوای ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە ببێتە مایەی ئەوەی باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕاستبێتەوە، کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوورێکی هەمیشەیی، یاسای بودجەی هەبێت، هەروەها حکومەتێک دروست بێت، جیاواز لە کابینەکانی پێشوو، کە جۆرێک لە دوو ئیدارەیی پێوە دیار بووە.

ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ دەوڵەتدارییە

باسی لەوەشکرد، ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ دەوڵەتداری  و دەوڵەتسازییە و لە کۆتایدا خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت، بۆیە پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان خاڵبەخاڵی ئەم ڕێککەوتنە بخوێننەوە، چونکە هەمووی لە بەرژەوەندی ئەوانە.

مەبەست لە هاوپەیمانێتییەکە

سەبارەت بە دروشمی هاوپەیمانێتییەکەش، کە ناوی هاوسەنگی و بوژانەوەی لێ نراوە، بە واتای ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆەوە تا خانەقین وەک یەک خزمەت بکرێت.

سەبارەت بە دروشمی بوژانەوەش، بە واتای بوژانەوەی وڵات و ئابووری و بازاڕ و خەڵک و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا.

لایەنەکانی دەرەوەی ڕێککەوتنەکە

سەبارەت بە لایەنەکانی دەرەوەی ڕێککەوتنەکەش کوردەوان جەمال سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەختیکردەوە، ڕێککەوتنەکە لە دژی هیچ لایەنێک نییە و دەرگای کراوەیە بۆ هەموو لایەنەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، بە واتای ئەوەی پارتیش دەتوانێت لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەدا بینە پێشەوە و هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنن، بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵک و هەرێمی کوردستان و ئەم وڵاتەش لەم قەیرانە کە تووشی بووە ڕزگاری ببێت.

بیرۆکەی سەرەکی هاوپەیمانێتییەکە

سەبارەت بە  بیرۆکەی هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەی بەوەکرد، بیرۆکەی سەرەکی هاوپەیمانێتییەکە گۆڕینی جۆری حکومڕانییە لە هەرێمی کوردستان، ئەمە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و عێراقیش هەر ڕاستە.

سیناریۆکانی دوای ڕێککەوتنەکە

سەبارەت بە ئەگەر سیناریۆکانی دوای ئەم ڕێککەوتنە، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوە کرد، قۆناغەکانی دوای ئەم ڕێککەوتنەش دوو ئەگەر یان  دوو سیناریۆ لە خۆ دەگرێت، یەکەمیان ئەوەی پارتی دان بە ڕێککەوتنەکەدا بنێت و ئەو مەرجانەی کە پارتی هەیەتی بۆ حکومەت و حکومڕانی لێی دابەزێت و بێت  پێکەوە حکومەت پێک بهێنن، سیناریۆی دووەمیش  ئاماژەیەکی مەترسیدارە و بەرەو تونێلێکی تاریک دەڕوات و مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم دروست دەبێت، ئەو کاتەش دەبێت ئەو لایەنانە مەترسییەکە لە  ئەستۆ بگرێت.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا