عێراق سەرکۆنەى هێرشەکەى دیمەشق دەکات
ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، بەتوندى سەرکۆنەى ئەو کردەوە "تیرۆریستییە" دەکات کە لە یەکێک لە قاوەخانەکانى دیمەشقى پایتەختى سووریا ڕوویدا و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى لێکەوتەوە.
عێراق لە پاڵ دیمەشقدا دەوەستێتەوە
وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا گوتى "لەمکاتەدا کۆمارى عێراق لەگەڵ کۆمارى سووریاى دراوسێى دەوەستێت و بەتەواوى هەموو کردەوەیەکى تیرۆریستى ڕەتدەکاتەوە کە هاوڵاتى سڤیل و شوێنى گشتى بە ئامانج دەگرێت". هەر کردەوەیەکى لەو شێوەیە بە پێشێلکاریى ڕوونى سەر بەها مرۆڤایەتییەکان و یاساکانى نێودەوڵەتى دەزانێت.
ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی
وەزارەتى دەرەوەى عێراق بەناوى وڵاتەکەوە پرسە و سەرەخۆشى لە گەلى سووریا دەکات.
ئاماری قوربانییەکانی تەقینەوەکە
ئەمڕۆ بۆمبێکى چێندراو لە یەکێک لە قاوەخانەکانى ناوچەى حیجاز لە دیمەشق تەقییەوە و 9 کەس کوژران و زیاتر لە 20 کەسیش برینداربوون.
ئارام قەرەداغی
2 کاتژمێر پێش ئێستا