ئەنجوومەنى نوێنەران داواى کردنەوەى دۆسیە گەورەکانى گەندەڵى دەکات
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق داوا لە حکومەتەکەى عەلى زەیدى دەکات دۆسیە گەورەکانى گەندەڵى بکاتەوە، لەوانەش دۆسیەى دزى سەدە.
گەندەڵی وەک گەورەترین هەڕەشە لەسەر سیستمی سیاسی
ئەنجوومەنى نوێنەران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ساڵانێکى زۆرە بەڵاى گەندەڵى بووەتە خۆرەى قەوارەى دەوڵەتەکەیان و بووەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر سیستمى سیاسى، لەگەڵ هەر حکومەتێک و خولێکى پەرلەمانى، دروشمەکانى چاکسازى و پلانەکانى بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و گەندەڵکاران بەرزدەکرانەوە، بەبێ ئەوەى ئەنجامێکیان هەبێت، تەنانەت هەندێکیان قۆسترابوونەوە بۆ بردنى ماڵى گشتى و پەردەپۆشکردنى گەندەڵکاران.
دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ
ڕاشیگەیاندووە، بەرەبەیانیى یەکشەممە 28ـى حوزەیران بووەتە وادەى دەستپێکى قۆناغێکى نوێ، کە لەگەڵ خۆیدا هیوا و گەشبینى بۆ داهاتوویەکى ڕووناک بۆ نەوەکانى گەلەکەیان هەڵگرتووە".
وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی
ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیارى نیشتمانى و بەرپرسیارانەى ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ وەڵامدانەوەى داواکارییەکانى دەسەڵاتى دادوەرى بۆ هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر ژمارەیەک لە پەرلەمانتار بوو بە بنەمایەک و بەبێ ئەوە نەدەتوانرا هەڵمەتى بوێرانەى بەرەبەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى دەستپێبکات.
کردنەوەى دۆسیەى گەندەڵییە گەورە و مەترسیدارەکان
ئەنجوومەنى نوێنەران، لە پێناو پاراستنى چارەنووسى دەوڵەت و ڕاگرتنى بەهەدەردانى سامانى گشتى، داوا لە حکومەت دەکات و پابەندى دەکات بە هەنگاونان و کەمتەرخەمینەکردن لە کردنەوەى دۆسیەى گەندەڵییە گەورە و مەترسیدارەکان و بەتاڵانبردنى سامانى گشتى لە ماوەیەکى زەمەنى سنوورداردا.
ئەنجوومەنى نوێنەران لە چەند خاڵێکدا دۆسیەکانى خستووەتەڕوو
یەکەم، دۆسیەى گەندەڵى باجەکان، لە نێویاندا دزى دانراوەکانى باج ( دزى سەدە) وەک گەورەترین دۆسیەى گەندەڵى و پارەبردن لە مێژووى عێراق.
دووەم، دۆسیەى گەندەڵى وزە، لەوانەش خەرجییە گەورەکانى بودجە بۆ گرێبەستە تریلیۆنییەکانى کارەبا و گەندەڵى ئاشکرا لە پێدانى وێستگە حکومییەکان بە شێوازى ستەمکارانەى وەبەرهێنان.
سێیەم، کەرتى وەبەرهێنان، لەوانە گەندەڵى و بێسەروبەرەیی لە پێدانى مۆڵەتى وەبەرهێنانى پرۆژەکانى نیشتەجێبوون، پیشەسازى و بازرگانى و فێرکارى، کە پارەیەکى بێشوومارى گشتییان تێدا بردراوە.
چوارەم، دۆسیەى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەنێویاندا دۆسیەى گەندەڵى لە گرێبەستى پرۆژەکان و هەڵاوسانى بێشوومار لە تێچووى گرێبەستەکان.
پێنجەم، کەرتى تەندروستى، لەنێویاندا دۆسیەکانى گەندەڵى لە کەرتى نەخۆشخانە حکومى و ئەهلییەکان و دۆسیەى هاوردەکردنى دەرمان.
شەشەم، کەرتى گواستنەوە و دۆسیەکانى گەندەڵى لە گرێبەستى بەندەرەکان و بەگەڕخستنیان، دۆسیەکانى گەندەڵى لە هێڵى شەمەندەفەر.
حەوتەم، دۆسیەى گەندەڵى چەکدارکردنى وەهمى، ئامێرى بێکەڵک و کەرەستە و کەلوپەلەکان لە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ.
هەروەها ئەنجوومەنى نوێنەران ڕایگەیاندووە، وەک دەسەڵاتى چاودێرى و لە ڕێگەى لیژنە تایبەتەکانەوە، ئەوەى پێویست بێت لە زانیارى لەبارەى ئەو دۆسیانە دەیداتە دەزگا تایبەتمەندەکان بە گەندەڵى، لە ڕێگەى لیژنە پەرلەمانییە تایبەتەکان بە چاودێرى و بەدواداچوون بەدواداچوونیش بۆ رێکارەکان دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا