تەندروستیی جیهانی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا کۆتایی هات
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا، کە بووبووە جێگەی نیگەرانی لە جیهاندا، کۆتایی پێهاتووە.
پشکنینی دواین کەسی سەر کەشتیی گەشتیاریی ئێم ڤی هۆندیوس
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرییسۆس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ گوتی: "ئەمڕۆ، دوا کەس کە لەسەر کەشتیی گەشتیاریی ئێم ڤی هۆندیوس کە بەرکەوتەی کەسێکی توشبوو بووە بە ڤایرۆسی هانتا، ماوەی کەرەنتینەکەی تەواو کردووە و ئەنجامی پشکنینەکەی نەرێنی بووە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە."
کۆتایی تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەکە
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد لە 25ـی ئایارەوە هیچ حاڵەتێکی نوێی ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە.
ژمارەی گیانلەدەستدان سی کەس بووە
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە باسی لەوە کرد، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بووتەهۆی توشبوونی 13 کەس، کە بەهۆیەوە سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی خۆشحاڵە کە ڕایدەگەیەنێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا کۆتایی هاتووە.
تاقیکردنەوەی دەرمانێک بۆ چارەسەری ئیبۆلا
ئەدهانۆم باسی لە تاقیکردنەوەی دەرمانێکی نوێ کرد بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی ئیبۆلا و گوتیشی لەئێستادا تاقیکردنەوەی ئەو دەرمانە لە کۆماری کۆنگۆ دەستی پێکردووە، بۆ هەڵسەنگاندنی چارەسەر و ڤاکسینی نوێ و بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆلا. ئەم تاقیکردنەوانە ئامانجیان هەڵسەنگاندنی کاریگەری دەرمان و دژەتەنەکانە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان و ئەگەری تووشبوون.
چاودێری کردنی ڤایرۆسێک لە ئۆگاندا
هاوکات ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی چاودێریکردنی حاڵەتێکی ڤایرۆسی 'ماربورگ'ی لە ئۆگاندا ڕاگەیاند، کە لە کاتی چاودێریکردنی ڤایرۆسی ئیبۆلادا هەستی پێکراوە.
چاودێریکردنی سەرجەم بەرکەوتەکانی ڤایرۆسەکە
ئەدهانۆم گوتیشی، دەسەڵاتدارانی ڕێکخراوی تەندرووستیی ئاگادارکردووەتەوە کە چاودێریی سەرجەم بەرکەوتە دەستنیشانکراوەکانی ئەو ڤایرۆسە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی دیکە دەستنیشان نەکراوە.
ڤایرۆسی ماربورگ، ئیبۆلا نییە، بەڵام ڤایرۆسێکی هاوشێوەیە و لە زانستی تەندرووستیدا بە ئامۆزای ئەو ڤایرۆسە ناودەبرێت.
لە مانگی نیساندا، لە کەشتییەکی گەشتیاریدا کە بڕیاربوو لە ئەرجەنتینەوە سەردانی جەمسەری باشووری زەوی بکات، ڤایرۆسی هانتا بڵاوبووەوە.
ڤایرۆسی هانتا لە ڕێگەی قرتێنەرەکانەوە دەگوازرێتەوە، چەند جۆرێکی جیاواز لەم ڤایرۆسە هەن و کاریگەری لەسەر تەندروستیی سییەکان و گورچیلەکانیش دادەنێن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا