ژینگەی کەربەلا ئاستی ژاوەژاوی موەلیدە ئەهلییەکان دەپێوێت

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
تیمێکى وەزارەتى ژینگەى عێراق لە کەربەلا، بەدواداچوون بۆ پیسبوونى ژینگە لە یەکێک لە مۆلیدەکانى ناو گەڕەکەکانى شارى کەربەلا دەکەن
تیمێکى وەزارەتى ژینگەى عێراق لە کەربەلا، بەدواداچوون بۆ پیسبوونى ژینگە لە یەکێک لە مۆلیدەکانى ناو گەڕەکەکانى شارى کەربەلا دەکەن

تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی کەربەلا، لە ڕێگەی یەکەی چاودێریکردنی پیسبوونی هەوا و یەکەی چاودێریکردنی ژاوەژاوەوە، پشکنینێکی مەیدانی بۆ پێوانەکردنی ئاستی ئەو دەنگە کرد، کە لە موەلیدەکانی کارەباوە دەردەچێت.

پشکنین بە ئامێرى (SVAN 955)

حامید عوبێد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ژینگەی کەربەلا، دەڵێت، تیمەکانیان لە ڕێگەی ئەو پشکنینەی بە ئامێری (SVAN 955) کردوویانە، بۆیان دەرکەوتووە ئاستی دەنگ و ژاوەژاوی مۆلیدە ئەهلییەکان، لەو سنوورە ڕێگەپێدراوە تێپەڕیوە کە دیاریکراوە.

سەرپێچیکاران ڕووبەڕووى یاسا دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری ژینگەی کەربەلا، جەخت لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکاتەوە و دەڵێت، بەگوێرەی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، ئاگادارکردنەوەی کۆتایی و تەنانەت داخستن بە خاوەن مۆلیدەکان دەدەن.

ئەو ئامێرە کارى چیە؟

ئامێری SVAN 955 یەکێکە لە ئامێرە هەرە پێشکەوتوو و وردەکان لەسەر ئاستی جیهان و بۆ پێوانەکردنی دەنگ و لەرەلەر بەکاردەهێنرێت.

WHO چى دەڵێت؟

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یاسای ژینگەی عێراق، ئاستی ڕێگەپێدراوی دەنگ لە ناوچەی نیشتەجێبووندا لە نێوان 45 بۆ 55 دێسیبڵە لە ڕۆژدا و لە شەواندا دەبێت لە 40 بۆ 45 دێسیبڵ تێنەپەڕێت، بەڵام موەلیدە ئەهلییەکان زۆرجار بەهۆی نەبوونی بێدەنگکەر یان کۆنی بزوێنەرەکانیان، دەنگەکەیان لە 80 بۆ 90 دێسیبڵ تێپەڕ دەکات.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا