وەزارەتی دادی عێراق دۆسیەیەکی یاسایی لە ئوردن بردەوە
وەزارەتی دادی عێراق لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای گشتیی پاڵاوگەکانی باشوور، دۆسیەیەکی لە کۆمپانیایەکی ئوردنی بردەوە و بڕیارەکەش پلەی کۆتایی وەرگرتووە.
پێشێلکارى لە گرێبەست
وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکەیانەوە، توانیویانە لە دادگای پێداچوونەوەی عەممان لە ئوردن دۆسیەیەکی یاسایی ببەنەوە، کە بەهۆیەوە کۆمپانیایەکی ئوردنی پابەند دەکات بە پێدانی قەرەبووی دارایی بە کۆمپانیای گشتیی پاڵاوگەکانی باشوور، کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە.
وەزارەتی داد لەبارەی وردەکاریی دۆسیەکە دەڵێت، کۆمپانیا ئوردنییەکە ئەو پابەندییانەی نێو گرێبەستەکەی پێشێلکردووە، کە ساڵی 2011 لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی پاڵاوگەکانی باشوور واژۆی کردووە و بەو هۆیەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.
دادگایەکى ئوردن بڕیارەکەى دەکردووە
گرنگیی بڕیارەکە لەوەدایە لەلایەن دادگایەکی ئوردنییەوە لە بەرژەوەندیی عێراق دەرکراوە و بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا