جەنگی ئێران دەبێتە هەوێنی دامەزراندنی پارتێکی نوێ لە ئەمریکا
دوای ئەوەی تاکەر کارڵسن، میدیاکاری نەریتگەرا و کەسایەتیی خاوەن پێگەی جەماوەریی بەهێز جیابوونەوەی لە پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند، باسی لەوەش کرد، کە بەمزووانە پارتێکی سیاسیی نوێ دادەمەزرێنێت و سیستمی دوو پارتی لە ئەمریکا هەڵدەوەشێنێتەوە.
کارلسن: دیموکرات و کۆماریەکان نوێنەرایەتى ئەمریکا ناکەن
وەک ئەوەی خۆی باسیکرد، کارڵسن کۆمارییەکان و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە خیانەتکردن لە وڵات و خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل، پێش ئەمریکا تۆماتبارکرد، هۆکاری جیابوونەوەشی لە کۆمارییەکان گەڕاندەوە بۆ هەڵوێستی جیاوازی لەسەر جەنگی ئێران، نەک هەر کۆمارییەکان بەڵکو کارڵسن دەڵێت دیموکراتەکانیش دەستیان هەیە لەو جەنگانەی کە بە گوتەی ئەو سەرجەمیان بە زیان بۆ سەر وڵاتەکەیان دەشکێنەوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە چیدیکە ئەو دوو پارتە نوێنەرایەتیی ئەمریکا ناکەن، لە پرسە سیاسییەکاندا.
کارى پارتە نوێیەکە
کارڵسن لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، جەنگ و دابینکردنی بودجە، لەو پرسە ڕاستەقینانەن کە پارتە نوێکەی لە سیاسەتەکەیدا کاریان لەسەر دەکات، گوتیشی پێویستە هەردوو پردەکە هاوتەریب لەگەڵ یەک بڕۆن.
ئەمریکا لە دیموکراسییەوە بۆ تاک حیزبى
کارڵسن جەختی لەوە کردەوە، ئەم واقیعەی ئەمریکای تێدایە دیموکراسی نییە، بەڵکو سیستمێکی تاک حزبییە و دەیەوێت خۆی وەک دیموکراسی نمایش بکات، لەبەر ئەوە بە پێویستی زانی لایەنی سێیەم هەبێت و ئێستا جێگرەوە بۆ ئەو دوو پارتە سیاسییەی ئەمریکا پێویستە.
جەنگى ئێران هۆکارە
کارڵسن هەڵوێستەکەی بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ گرێدایەوە بە جەنگی ئێرانەوە و بەپێویستی زانی ئەمریکا شەڕ بۆ ئیسرائیل یان هیچ وڵات و لایەنێکی دیکە نەکات.
لە 2028 دێتە مەیدان
هەرچەندە ئەو هیچ ناو و وادەیەکی بۆ ڕاگەیاندنی پارتەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دووپاتیکردەوە کە کاردەکات بۆ دامەزراندنی لایەنی سێیەم، بەمجۆرەش پێشبینی دەکرێت ئەم کەسایەتییە نوێیە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2028 دەربکەوێت و بەگوێرەی ناسراوی و پێگە جەماوەرییە بەرفراوانەکەی پێشبینی دەکرێت دەنگ بەدەست بهێنێت، بەتایبەت کە جەنگی ئێران و سیاسەتەکانی ئەمدواییەی ئیدارەی ئەمریکا ناڕەزایەتیی لە ناو خەڵکی ئەمریکا درووست کردووە.
کارڵسن کێیە؟
کارڵسن لەدایکبووی 16ی ئایاری 1969یە، شرۆڤەکارێکی سیاسی و ڕۆژنامەنووسێکی نەریتگەرای ئەمریکییە و پێشتر لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2023 لە کەناڵی فۆکس نیوز بەرنامەیەکی سیاسیی پێشکەش کردووە و بە یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکانی میدیای ڕاستڕەوی ئەمریکا دادەنرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا