لە تاران ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بەڕێوەدەچێت

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسانی زیاتر لە 40 وڵات، ئەمڕۆ هەینی لە تارانی پایتەخت ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران بەڕێوەدەچێت، نوێنەرانی چین، ڕووسیا، عێراق و چەندین وڵاتی جیهان بەشدارن لە ڕێوڕەسمەکە.

چەند ڕۆژێکە بەردەوامە

ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی لە ئێران بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوامە و گوتەبێژی تایبەت بە ڕێوڕەسمەکە دەڵێت، سەرکردە و بەرپرسانی 40 وڵات بەشداری لە ماڵئاواییەکە دەکەن.

نوێنەرى وڵاتان بەشدارن

بەگوێرەی میدیای ئێران، لە ڕێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ هەینی، نوێنەر و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی تورکمانستان، رووسیا،‌ چین، ئیسپانیا، ئیکوادۆر، ئەفغانستان، عێراق، پاکستان، ئیندۆنیزیا، تورکیا و بەرەی مقاوەمە لە سووریا، لوبنان، عێراق چەندین وڵاتی دیکە ئامادەن.

بەشدارى ملیۆنان خەڵک

ئیمان عەتارزادە، گوتەبێژی تایبەت بە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، جگە لە بەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، بە ملیۆنان خەڵک و کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگی و زانستی و ئاینییەکان لە گشت چین و توێژەکانەوە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە دەکەن.

پێشتریش محەممەد ئەمین تەوەکولی زادە، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی و کولتووریی شارەوانیی تاران، ڕایگەیاندبوو، ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری ئێران کە لە تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەدەچێت، تەنیا لە پایتەخت پێشوازی لە 15 بۆ 20 ملیۆن کەس دەکرێت.

خامنەیی دەهێنرێتە عێراق

بڕیارە، تەرمی خامنەیی ڕۆژی 8ـی تەمموز، ببرێتە عێراق، لە فڕۆکەخانەی بەغداد یان نەجەف بەرپرسانی باڵا و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە پێشوازی لە تەرمەکەی بکەن و دواتر ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف و تاوەکو دەگاتە مەزاری ئیمام عەلی، بەڕێوەبچێت.

پێشتر لیژنەی تایبەت بە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران ئاماژەی بەوەکردبوو، ڕۆژانی 3 و 4 و 5ـی تەمموز، ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەکە لە مەزاری ئیمام خومەینی لە تاران دەستپێدەکات و ڕۆژى دواتریش لەناو شارى تاران ماڵئاوایى لە تەرمەکە دەکرێت.

لە مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت

بڕیاریشە ڕۆژی حەوتى تەمموز، تەرمەکە ببرێتە قوم و ڕۆژی 9ـی مانگیش لە مەشهەد ماڵئاوایی لە تەرمەکەی دەکرێت و دواتر هەر لەو شارە لە مەزاری ئیمام ڕەزا بەخاک دەسپێردرێت.

کوژرانى عەلى خامنەیی

عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران 28ـی شوباتی ئەمساڵ لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە تاران لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون، کە یەکێک لە بریندارەکان "موجتەبای" کوڕی بووە کە رێبەری ئێستای ئێرانە.

جەنگى ئێران

جەنگەکە 40 ڕۆژی خایاند، دواتر بە نێودەنگیریی پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە ئاگربەست ڕاگەیێنرا، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ژمارەی کوژراوانی جەنگی 40 ڕۆژەی وڵاتەکەی 3 هەزار و 375 کەس بوون و جگە لە برینداربوونی هەزارانی دیکە، زیاتر لە 50 بۆ 60 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری ئێران زیانیان پێگەیشتووە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا