فیدان: ئیرادە هەیە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەمان

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هیوایان هەیە ئەمریکا سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لەگەڵ ستراتیجی تورکیا یەکدەگرێتەوە.

یاساى کاتسا

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە یاسای کاتسا کرد، کە بریتییە لە "بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا بە سزا" و گوتی، ئیرادەیەک هەیە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایە لەسەر وڵاتەکەی.

پڕۆگرامى فڕۆکەى ئێف-35

فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆچوونی وایە پاش هەڵگرتنی سزاکان، تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف-35 و بەدەستیدەهێنێت.

سیاسەتى ئەمریکا لە سووریا

فیدان لەبارەی سیاسەتی ئەمریکاش لە ناوچەکە گوتی، بە گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا کۆتاییهات، چونکە ئەمریکا پێشتر پشتیوانیی لە یەپەگە دەکرد، کە ئەوەش هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.

باسی لەوەش کرد، سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لەگەڵ ستراتیجی تورکیا یەکدەگرێتەوە.

جەنگى ئەمریکا و ئێران

لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئێران و دەستپێکردنی دانووستانەکانیش فیدان هۆشداری دا و گوتی، دۆخەکە هەستیارە و کراوەیە بەڕووی مەترسیدا، بۆیە پێویستە هەردوو وڵات گوێ لە لایەنە نێوەندگیرەکان بگرن.

ئیسرائیل خەتابارە

فیدان، ئیسرائیل بە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە ناوبرد و گوتی، ئیسرائیل تەنیا کێشە نییە بۆ تورکیا، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانە و بەردەوام بەدوای دوژمنی نوێدا دەگەڕێت.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا