عەلى زەیدى: حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنى بەرنامە چاکسازییەکەى

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، دووپاتیکردەوە، حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنى چاکسازییەکان، داواشى لە دەزگاکانى چاودێری و جێبەجێکردنى یاسا کرد، هاوکاری یەکدى بکەن لە بەدواداچوونى تاوانەکانى گەندەڵى، جەختیشیکردەوە لەسەر خستنەگەڕى ئەوپەڕى تواناکان لەبوارى بەرەنگاربوونەوەى بەڵاى ماددەى هۆشبەر.

ڕۆڵى دامەزراوەکان لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى

زەیدى لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانى دەزگا ئەمنى و چاودێرییەکان، دوایین پێشهاتە ئەمنى و ئابوورییەکانی خستەڕوو، گفتوگۆ لەبارەى ئەو ڕێکارانە کرا کە تاوەکو ئێستا حکومەت گرتوێتییەبەر لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و میکانیزمەکانى بەهێزکردنى هەماهەنگیى نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو لەباشترین ئاستدا ڕۆڵى خۆیان بگێڕن بۆ پاراستنى سامانى گشتى و جێبەجێکردنى یاسا.

بەردەوامى حکومەت لە چاکسازی

سەرۆکوەزیران دووپاتیکردووەتەوە، حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنى چاکسازییەکەى، وەک زەیدى گوتى، ئەوەش گونجاوە لەگەڵ کارنامەى وزارى لەبوارى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و بەردەوامیى حکومەت لە بەرنامەکەى بۆ ڕاوەدوونانى گەندەڵکاران و دادگاییکردنیان.

هەماهەنگى دەزگاکانى چاودێرى لەگەڵ لایەنەکانى جێبەجێکردن

عەلى زەیدى داواشى لە دەزگاکانى چاودێری و لایەنەکانى جێبەجێکردنى یاسا کرد، هەماهەنگیى یەکدى بکەن لە شوێنکەوتن و دەستگیرکردنى تاوانبارانى گەندەڵى و گەڕاندنەوەى سامانى گشتى، کاربکەن لەسەر ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان و بەهێزکردنى تەواوکاریى ڕۆڵەکان و کاراییەکەى، تاوەکو ڕێکارەکان گشتگیر بن بۆ تەواوى کەرتە حکومییەکان بەبێ جیاوازى.

بەرەنگاربوونەوەى ماددەى هۆشبەر

هەروەها زەیدى جەختیکردەوە لە خستنەگەڕى ئەوپەڕى هەوڵەکان لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى بەڵاى ماددەى هۆشبەر، گرنگیى پرسەکە دەخوازێت ڕێکارەکان کارا بکرێن بۆ پاراستنى کۆمەڵگە و ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى و بەدیهێنانى ئاسایش و سەقامگیری.

بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى بەرپرسیارێتییە

زەیدى لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى و چاودێری ڕاشیگەیاند، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى بەرپرسیارێتییەکى نیشتمانیی هاوبەشە، دەخوازێت تەواوکارى ڕۆڵ لەنێوان دەزگا ئەمنى و چاودێری و دادوەرییەکان هەبێت و بەرزترین پێوەرى دەستپاکى و شەفافیەت لە بەجێگەیاندنى ئەرکەکان پەیڕەو بکرێت.

داواشیکرد هەوڵە هەواڵگریی و چاودێرییەکان چڕبکرێنەوە بۆ ڕاوەدوونانى تۆڕەکانى گەندەڵى و تاوانەکانى ئابوورى، بەدواداچوون بکرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیارە حکومییە پەیوەندیدارەکان.

زەیدى بە پێویستیزانى، پەلە بکرێت لە تەواوکردنى لێکۆڵینەوەکانى پەیوەست بە دۆسییەکانى دەستدرێژى بۆ سەر سامانى گشتى و گرەنتی جێبەجێکردنى یاسا بەسەر هەموواندا بەبێ جیاوازى.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا