ئەمریکا بە مەرج ناردنى بارە دۆلارەکانى بۆ عێراق دەستپێکردووەتەوە
ئەمریکا، بە چەند مەرجێک ناردنى بارە دۆلارى بۆ عێراق دەستپێکردووەتەوە، بەڵام هێشتا هەماهەنگییە ئەمنییەکانى هەردوو وڵات بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.
دواى ڕاگرتنى جارێکى دیکە دەستیپێکردەوە
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز، لە زارى دوو یاریدەدەرى عەلى زەیدییەوە بڵاویکردووە، ئەمریکا دەستیکردووەتەوە بە ناردنى دۆلار بۆ عێراق، ئەوەش دواى ئەوەى لە مانگى نیسانى ڕابردوو ناردنى بارێکى 500 ملیۆن دۆلاریى بۆ عێراق ڕاگرت و هەماهەنگییە ئەمنییەکانى لەگەڵ بەغداد هەڵپەسارد، ئەوەش بە ئامانجى فشار خستنەسەر حکومەتى عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران.
هەریەکە لە حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى سەرۆکوەزیران و مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیران، جەختیانکردووەتەوە لە دەستپێکردنەوەى ناردنى دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق.
هەماهەنگییە ئەمنیەکان ناگرێتەوە
هەروەها ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هێشتا هەماهەنگی و هاوکارییەکانى ئەمریکا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانى عێراق بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە، کە لەگەڵ هەڵکشانى لێکەوتەکانى جەنگى ئێران، ئەو بڕیارەى داوە. هەروەها ئەمریکا گرووپە عێراقییەکانى نزیک لە ئێرانى تۆمەتبارکرد بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەى لە بەغداد و هەولێر.
داهاتى فرۆشتنى نەوت لە ئەمریکایە
بەگوێرەى ئەو ڕێکارانەى لە دواى ساڵى 2003ەوە پەیڕەو دەکرێن، داهاتى فرۆشتنى نەوتى عێراق دەچێتە هەژمارێکى تایبەت لە بانکى فیدراڵیى ئەمریکا، مانگانەش بە دوو گوژمە، داهاتى نەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.
3 کاتژمێر پێش ئێستا