میدیای تورکیا: پەکەکە گرنگترین ناوچەی گارەی چۆڵکردووە

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای تورکیا دەڵێت، پەکەکە گرنگترین ناوچەی گارەی چۆڵکردووە و حکومەتی تورکیاش، پێشنیازە یاسای پرۆسەی ئاشتی داوە بە ئۆجەلان.

چۆڵکردنى ناوچەى گارە

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای تورکیا، پەکەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، هەنگاوێکی کردەیی دیکەی ناوە و گرنگترین ناوچەی گارەی چۆڵ کردووە کە بریتییە لە کەمپی سیانی و گردی بەهار لە باشووری کوردستان.

دامەزراوە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا لە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن پەکەکە دڵنیابوونەتەوە، کە پێشتر ناوچەی زۆر ستراتیجیی پەکەکە بوون.

میت گڵۆپى سەوزى بۆ یاساکە دەرکردوە

ئەوەش وای کردووە، دەزگاى میت گڵۆپی سەوز بۆ دەرکردنی یاسای پڕۆسەکە هەڵبکات، چونکە دەرکردنی یاسا پەیوەستە بە ڕاپۆرتی میت لەبارەی هەنگاوە کردەییەکانی پەکەکە.

پێشنیازەکە خراوەتە بەردەم ئۆجەلان

میدیای تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، دەوڵەت پێشنیازە یاسای تایبەت بە پڕۆسەکەی خستووەتە بەردەم عەبدوڵا ئۆجەلان، ئۆجەلان بۆچوونی خۆی لەسەر دەربڕیوە و سازان کراوە.

کەجەکە چى دەڵێت؟

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، کەجەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بۆچوونی ئۆجەلان و بزووتنەوەکەیان لەسەر یاساکە وەرنەگیراوە، هەربۆیە سەپاندنی ئەمری واقیع بەسەریاندا قبوڵ ناکەن و کەسیش ناتوانێت لەم دۆخەدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیان پێ جێبەجێ بکات کە لە کۆنگرەی 12 داویانە.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا