هێمن هەورامى: یەکێتى و نەوەى نوێ دەستپێشخەریى بکەن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان
هێمن هەورامى لەبارەى هاوپەیمانیی نێوان یەکێتى و نەوەى نوێ وەڵامى پەیامنێرێکى پێگەى ئەلمۆنیتۆر دەداتەوە و دەڵێت، ئەگەر ئەو دوو حیزبە پێیان وایە ژمارەى کورسییەکانیان لە پارتى زیاترە بابێن پێکەوە پەرلەمان کارابکەنەوە و دانوستان لەبارەى هەموو شتێک بکەن.
گۆڕانکارى لە هاوسەنگى هێز
ئەمبرین زەمان، پەیامنێرى دیارى پێگەى ئەلمۆنیتۆر، لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى ئێکس پۆستێکى لەسەر واژۆکردنى هاوپەیمانیی نێوان یەکێتى و نەوەى نوێ بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتى،" پێدەچێت هاوسەنگى هێز لە کوردستان دوور لە هەژموونى پارتى دیموکراتى کوردستان گۆڕابێت، تاوەکو ناکۆکى پارتى و یەکێتى لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێ بەردەوام بێت مەترسى دابەشبوون زیاد دەکات کە هاونیشتمانییانى ئاسایی هەردوولا لە سەرکردەکانیان خۆشنابن.
وەڵامەکەى هێمن هەورامى
لە بەرامبەریشدا، هێمن هەورامى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی پارتى، لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى ئێکس وەڵامى پەیامنێرەکەى ئەلمۆنیتۆرى داوەتەوە و بە زمانى ئینگلیزى نووسیویەتى، "تەنیا سەرچاوەى شەرعى بۆ گواستنەوەى دەسەڵات دەنگى گەلەکەمانە لە هەڵبژاردنى پاک و بێگەرد و شەفاف، لە تشرینى دووەمى ڕابردوو، ئێمە وەک پارتى دیموکراتى کوردستان 400 هەزار دەنگ زیاترمان لە یەکێتى و نەوەى نوێ پێکەوە لە هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە".
هێمن هەورامى ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەگەر ئەوان بڕوایان وایە دەسەڵات دەگۆڕێت بۆچى بوێرى ئەوەیان نییە بێن پێکەوە پەرلەمانى کوردستان بەزووترین کات کارابکەنەوە، ئەگەر بڕوایان وایە کورسییەکانیان هاوتا یاخود زیاترە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بۆچى دەستپێشخەرییەکى ڕاستگۆیانە ناکەن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان و دانوستاندن لەسەر هەموو شتێک لەناو هۆڵى پەرلەمان.
ڕێککەوتنى یەکێتى و نەوەى نوێ
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژى پێنجشەممە دووى تەمموزى 2026 یەکێتى و نەوەى نوێ لە ڕێوڕەسمێکدا لە شارى جوان لە سلێمانى هاوپەیمانیی نێوانیان واژۆکرد و رایانگەیاندووە کە ئێستا خاوەنى 42 کورسی پەرلەمانى کوردستانن.
یەکێتى و نەوەى نوێ ڕایانگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەکەیان تەنیا بۆ پێکهێنانى حکومەت نییە، بەڵکو بۆ گۆڕانکارییە لە پڕۆسەى سیاسیی هەرێمى کوردستان.
The only legitimate source of power shifting is the votes of our people in free, fair and transparent, democratic elections. Just as recently as Last November, we as KDP won more than 400,000 votes over both PUK and New Generation combined in the Kurdistan Region. However if they… https://t.co/DOgy0gC8EX
— Dr. Hemn Hawrami (@heminhawrami) July 2, 2026
2 کاتژمێر پێش ئێستا