پەیەدە لەبارەى ڕێککەوتنى یەکێتى و نەوەى نوێ پەیامێکى بڵاوکردەوە

دانیار فاروق 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتى یەکێتى دیموکراتى، لە ڕۆژئاواى کوردستان، لەبارەى ڕێککەوتنى ستراتیژى نێوان یەکێتى و نەوەى نوێ، ڕایگەیاند، هیوا دەخوازن ئەم ڕێککەوتنە ببێتە سەرەتاى قۆناغێکى نوێى هاریکارى و بونیادنەر.

پەیامى پیرۆزبایی

پەیەدە لە ڕاگەیێندراوێکدا، ئاماژەى بەوەکردووە، پیرۆزبایی لە پێکهێنانى هاوپەیمانێتى هاوسەنگى و بوژانەوە، لە براکانیان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەى نوێ دەکەن و هیوادارن ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکى گرنگ بێت بۆ دروستکردنى کلتوورى دیالۆگ و هەماهەنگى و هاوکاریی نیشتمانی.

ڕێگەى دیالۆگ و لێکتێگەیشتن

پەیەدە، ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەم ڕێککەوتنە بە هەنگاوێکی ئەرێنى دەزانێت کە بەرپرسیارێتی سیاسی دەردەخات. جەخت لەوە دەکاتەوە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە کوردییەکاندا باشترین ڕێگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانى ئێستا و بەهێزکردنی ئاشتی و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد.

ڕێککەوتنەکە دەبێتە خزمەتکردنى داخوازییەکانى خەڵک

دەشڵێن، هیوادارن ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەکی پتەو بۆ فراوانکردنی دیالۆگ و یەکخستنی لایەنە جیاوازە کوردییەکان و ببێتە هۆی تێگەیشتن و هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەسەر پرسە گرنگەکان، هەروەها هەوڵە هاوبەشەکان بۆ خزمەتکردنی داخوازییەکانی خەڵک بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری زیاتر و ئامادەبوونی کورد لە کۆڕبەندە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆیی و ئیقلیمی دا بەهێزتر دەکات.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پەیەدە، دووبارە پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی هەردوولا دەکەنەوە و هیوادارن ئەم ڕێککەوتنە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاریکاری بونیادنەر و ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ دەستپێشخەری زیاتری یەکڕیزی کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات و یەکڕیزی ئامانج و تێڕوانینی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کورد بەهێز بکات.

دانیار فاروق

1 کاتژمێر پێش ئێستا