لە بەغداد گردبوونەوەى جەماوەرى بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتەکەى زەیدى بەڕێوەچوو

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە بەغداد گردبوونەوەى جەماوەرى بۆ پشتیوانیی هەڵمەتەکەى عەلى زەیدى بۆ دەستگیرکردنى گەندەڵکاران بەڕێوەچوو، موقتەدا سەدریش لەگەڵ دووپاتکردنەوەى پشتیوانیی بۆ عەلى زەیدى، هۆشداریی دەدات لە کردنە ئامانجى چاکەکاران.

خۆپیشاندان بۆ پشتیوانى هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى

ئەمڕۆ لەسەر داواى موقتەدا سەدر، هەزاران عێراقى دواى نوێژى هەینى ڕژانە سەر شەقامەکان و پێکەوە پشتیوانییان بۆ هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و دەستگیرکردنى تێوەگلاوان لە گەندەڵى پیشاندا.

سەدر: خۆم یەکێکم لە داواکارانى چاکسازى

هاوکات موقتەدا سەدر، ڕێبەرى ڕەوتى نیشتمانیی شیعە لە ڕاگەیێندراوێکدا پشتیوانیی خۆى بۆ هەنگاوەکانى چاکسازى دووپاتکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد، هێشتا یەکێکن لە داواکارانى چاکسازى و هیچ شتێک لەگەڵ گەندەڵکاران کۆیان ناکاتەوە، تەنانەت خۆشەویستیى ئیما حسێن-یش.

گەندەڵکاران بێزارن

ڕاشیگەیاندووە، هەڵمەتەکانى سەرۆکوەزیران بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى زۆرێک لە گەندەڵکارانى بێزار کردووە.

ستایشى ئەوانەى پشتیوانى چاکسازى دەکەن

هاوکات سوپاسى هەموو ئەوانەشى کردووە کە پشتیوانیی هەوڵەکانى چاکسازى و کۆمەکى سەرۆکوەزیرانیان کردووە، وەک دادگا و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و هێزە ئەمنییەکان.

پەیام بۆ گەندەڵکاران

هەروەها سەدر هۆشداریشى دایە گەندەڵکاران و ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتیى ژیانى چاکەکاران و سەربازانى چاکسازى و ئەوانەى داواى چاکسازى دەکەن، دەکەوێتە ئەستۆیان.

بەدواداچوون بۆ تەواوى دۆسیێکان

لەلایەکى دیکەشەوە سەدرەدین قەبانچى، ئیمام و وتارخوێنى هەینى لە نەجەف، داوایکرد لە چوارچێوەى هەڵمەتى بەرەبەیان، بەدواداچوون بۆ تەواوى دۆسییەکانى دیکە بکرێت.

چى لە پارە دزراوەکان بکرێت؟

قەبانچى داواشیکرد، بڕیارى دادوەریى تووند دژى گەندەڵکاران بدرێت و هەژاران ببووژێنرێنەوە و هەروەها  بەو ملیارانەى براوە، قوتابخانە و نەخۆشخانە دروستبکرێت و ژێرخان بونیادبنرێت.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا