نزار ئامێدى و مەسعود پزیشکیان کۆبوونەوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران و نزار ئامێدى، سەرۆککۆمارى عێراق
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران و نزار ئامێدى، سەرۆککۆمارى عێراق

نزار ئامێدى، سەرۆککۆمارى عێراق، لەمیانى بەشداریکردنى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمی عەلى خامنەیی، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە کۆبووەوە و هەردوولا جەختیانکردەوە لە گرنگیى کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و ڕاگرتنى قەیرانەکانى ناوچەکە.

گەیاندنى پرسە و سەرەخۆشى گەلى عێراق

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، نزار ئامێدى لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، پرسە و سەرەخۆشیى گەلى عێراقى گەیاندە گەلى ئێران، بەبۆنەى کوژرانی عەلى خامنەیی، ڕێبەرى کۆچکردووی ئێران و ژمارەیەک لەسەرکردە و بەرپرسان و هاوڵاتییانى ئەو وڵاتە.

پیرۆزبایی بوون بەسەرۆککۆمار

لەبەرامبەریشدا پزیشکیان پیرۆزبایی لە نزار ئامێدى کرد بەبۆنەى هەڵبژاردنى بە سەرۆککۆمار و سوپاسى ئامادەبوونى کرد لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی.

پەیوەندییەکانى عێراق و ئێران

سەرۆککۆمارى عێراق، دووپاتیشیکردەوە، پەیوەندییەکانى عێراق و ئێران، پەیوەندیى مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریى پێکەوە گرێدراون، جەختیشیکردەوە لە گرنگیى کارکردن بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان لەپێناو بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانى هەردوو گەلى دۆست و خزمەتکردن بە ئاسایشى ناوچەکە.

کارکردن بۆ کۆتایی جەنگ و بەهێزکردنى ئاسایشیی هەرێمى

هەردوو سەرۆککۆمار، جەختیانکردەوە لە گرنگیى کارکردن بۆ راگرتنى جەنگەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانى ناوچەکە لە ڕێگەى دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و پشتبەستن بە چارەسەرى ئاشتییانە کە ئاسایشى هەرێمى بەهێز دەکەن و پاڵپشتیی خواستى گەلانى ناوچەکە بۆ سەقامگیریی و گەشەپێدان دەکەن.

هەروەها پزیشکیان، پێزانینى هەبوو بۆ گەلى عێراق و هاوسۆزییان لەکاتى قەیران و جەنگەکان، دووپاتیشیکردەوە، ئێران مکوڕە لەسەر بەهێزکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە سەرجەم بوارە جیاوازەکان و بەدیهێنانى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى هەردوو گەلى دۆست.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا