نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل پلانی بە ئامانجگرتنی دانوستانکارە باڵاکانی ئێرانی هەبووە

یەسنا ئومێد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەباس عێراقچی و قالیباف لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئێراندا
عەباس عێراقچی و قالیباف لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئێراندا

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل ڕەنگە پلانی بەئامانجگرتنی دانوستانکارە باڵاکانی ئێرانی داڕشتبێت.

نیگەرانییەکانی واشنتن لە کاتی گفتوگۆ هەستیارەکاندا

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی ئێران لە سەرەتای ململانێکانەوە بەشێک بووە لە ستراتیژی ئیسرائیل، بەڵام نیگەرانییەکانی واشنتن لەسەر ئەگەری بەئامانجگرتنی دوو کەسایەتیی دیار، کە ئەوانیش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانن، لە ماوەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ هەستیارەکاندا، زیادی کردبوو.

هۆشداریدانی ئەمریکا بە وڵاتانی ناوچەکە

بەرپرسان لەبارەی مەترسییەکانی سەر پرۆسەی دیپلۆماسییەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی نیگەرانی لەوەی هەر کردەوەیەکی سەربازی یان ئەمنی بەرامبەر ئەم بەرپرسانە ببێتە هۆی کۆتاییهاتن بە پرۆسەی دیپلۆماسی، ئیدارەی ئەمریکا داوای لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە کردبوو ئێران لە بوونی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو دوو بەرپرسە ئاگادار بکەنەوە.

جیاوازیی ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیل

ڕاپۆرتەکە لەبارەی جیاوازیی ئامانجی هێرشەکانەوە ڕوونی دەکاتەوە کە لە کاتێکدا سەرنجی هێرشەکانی ئەمریکا لەسەر کەمکردنەوەی توانای دەریایی و مووشەکیی ئێران بووە، ئیسرائیل لە قۆناغی سەرەتادا بەئامانجگرتنی سەرکردایەتیی ئێرانی کردبووە ئەولەویەتی کارەکانی.

بەئامانجگرتنی ئەو سەرکردانەی ئەمریکا هیوای پێیان بوو

پلانەکانی ئیسرائیل ئەو سەرکردانەشی دەگرتەوە کە ئیدارەی ترەمپ هیوای دەخواست لە ڕێگەیانەوە پەرە بە دانوستانەکان بدات، وەکو عەلی لاریجانی، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و کەمال خەڕەزی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران، کە پێشتر لە دانوستانەکاندا ڕۆڵیان هەبووە و لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا.

ئاشکراکردنی لیستەکە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە

هاوكات ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە مانگی ئازاردا ئاشکرای کردبوو کە ئیسرائیل ناوی عێراقچی و قالیبافی لە لیستی ئامانجەکانیدا جێگیر کردبوو، بەڵام لەو ماوەیەی ئەمریکا خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران، بۆ ماوەیەک ناویانی لابردبوو.

داواکاریی ئیدارەی ترەمپ لە ئیسرائیل

بەرپرسێکی ئەمریکی و بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئاگاداریی واشنتن لە لیستەکە ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لەو ماوەیەدا زانیاریی هەبووە لانیکەم قالیباف لە لیستی ئامانجەکاندا بووە، بۆیە داوای لە ئیسرائیل کردووە لەو هەنگاوە خۆی بپارێزێت.

ڕێوشوێنە تووندەکانی ئێران

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، لایەنی ئێرانی لە ماوەی گفتوگۆکاندا ڕێوشوێنی خۆپارێزیی تووندی گرتبووە بەر بۆ پاراستنی بەرپرسە باڵاکانی.

نیگەرانی لە گەشتەکەی نیسان بۆ ئیسلامئاباد

لە مانگی نیساندا، بڕیار بوو قالیباف گەشت بکات بۆ ئیسلامئاباد بە مەبەستی دیدار لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی ئێران نیگەران بوون لەوەی ئیسرائیل ئەو دەرفەتە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێک دژی قالیباف یان عێراقچی بقۆزێتەوە.

داواکاریی گەرەنتی لە واشنتن

لایەنی ئێرانی لەبارەی ئاسایشی شاندەکەیانەوە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پاکستان و قەتەرەوە، داوای گەرەنتییان لە واشنتن کردبوو کە ئیسرائیل هیچ جۆرە ئۆپراسیۆنێکی ناڕاستەوخۆ یان نهێنی دژی شاندەکەیان ئەنجام نەدات.

یەسنا ئومێد

1 کاتژمێر پێش ئێستا