ئامانج ڕەحیم: عێراق و تورکیا لەسەر واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵێکی کاتی بۆ هەناردەی نەوت ڕێککەوتن

ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان

عێراق و تورکیا لەسەر واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵێکی کاتی بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕێککەوتن، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەریش لەبارەی گشتگیریی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەردوولا لە ئەنقەرە

شاندێکی وەزارەتی دەرەوە، نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارشەممەوە لە ئەنقەرەیە و لەگەڵ ئاڵب ئەرسەلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەتەوە.

پشتڕاستکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئامانج ڕەحیمەوە

ئامانج ڕەحیم لەبارەی واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵە کاتییەکەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ئەنقەرە حکومەتی عێراق و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵێکی کاتی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراق، بە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ڕێگای بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان–جەیهان.

ماوەی کارپێکردنی پرۆتۆکۆڵە کاتییەکە

ئامانج ڕەحیم لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی پێشووەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆتۆکۆڵە کاتییە تاوەکو ئامادەکردن و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن بۆ هەناردەی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهان بەردەوام دەبێت، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 1 ساڵدا تەواو بکرێت، لە کاتێکدا ڕێککەوتنی پێشوو لە 27ـی تەممووزی ئەمساڵ کۆتایی دێت.

ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشتر لەبارەی گرنگیی ئەم هەنگاوەوە ڕایگەیاند، پرۆتۆکۆڵەکە دەبێتە هەنگاوێکی ڕێگەخۆشکەر بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولا لە ماوەیەکدا کە ساڵێک تێپەڕ نەکات لە وادەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئێستا.

داواکارییەکەی مانگی ڕابردووی عێراق

مانگی ڕابردوو عێراق داوای لە تورکیا کرد بۆ ماوەی ساڵێک ڕێککەوتنەکە درێژبکرێتەوە، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بدرێت بە گفتوگۆکان.

ئارام قەرەداغی

1 کاتژمێر پێش ئێستا