وەزارەتی دارایی: حەوت ساڵی ڕابردوو 2.7 تريلیۆن دينار کورتهێنانى داراییمان هەبووە

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستووەتەڕوو، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا 2.7 تریلیۆن دینار کورتهێنانی دارایی لە نێوان خەرجی و داهاتەکاندا هەبووە و داهاتەکان تەنیا 59%ـی کۆی گشتیی خەرجییەکانی پێکهێنابوو.

ناهاوسەنگی لە نێوان داهات و خەرجیدا

ئاماژە بەوە کراوە، بەگوێرەی داتای کۆتایی لە خشتەی تەرازووی پێداچوونەوەدا لە ساڵی 2019 بۆ 2025، دەردەکەوێت کورتهێنانی ساڵانە لە ناهاوسەنگی لە کۆی گشتیی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

بەراوردکاریی نێوان کۆی داهات و خەرجییە کردارییەکان

کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان (نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ کۆی تەمویلی حکومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵە بریتییە لە 84 تریلیۆن و 800 ملیار دینار، بەڵام لە بەرامبەردا کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکان دەکاتە 87 تریلیۆن و 500 ملیار دینار و دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار کورتهێنانی دارایی هەبووە.

خەرجییە هەڵپەسێردراوەکان و قەرزەکانی سەر حکومەت

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرەڕای هەژمارنەکردنی مووچە نەدراوەکان کە بووەتە قەرز لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خەرجیی دیکەی هەڵپەسێردراو لە ماوەی ساڵانی 2019 بۆ 2025 کە بریتییە لە خەرجیی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران و شایستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە قەبارەی کورتهێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

پشکی داهاتی نەوتی لە کۆی داهات و خەرجیدا

وەزارەتی دارایی باسی کۆی داهاتی نەوتی لە ساڵی 2019 تاوەکو مانگی ئازاری 2023 کردووە کە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، کە نزیکەی 22 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بووە، دەکاتە 44%ـی کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاوكات 26%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکانیان پێکهێناوە.

داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان

هەروەها داهاتی گومرگ و دەروازەکان، 9 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بووە و 19%ـی کۆی داهاتی نانەوتی و 11%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.

داهاتی باج و سەرچاوەکانی دیکەی نانەوتی

وەزارەتی دارایی لەبارەی داهاتی باج و خانووبەرەی میرییەوە ڕایگەیاند، بڕەکەی 5 تریلیۆن و 400 ملیار دینار بووە و 11%ـی کۆی گشتیی داهاتی نانەوتی و 6%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکانی پێکهێنابوو، هاوكات داهاتەکانی دیکە 13 تریلیۆن و 800 ملیار دینار بووە و 27%ـی کۆی داهاتی نانەوتی، 16%ـی کۆی خەرجییە کردارییەکانی پێکهێنابوو.

ڕێژەی کۆتایی داهات بەرامبەر خەرجییەکان

وەزارەتی دارایی جەخت لەوە دەکاتەوە، کۆی گشتیی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2019 بۆ 2025 تەنیا 59%ـی کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکانی پێکهێنابوو.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا