قوباد تاڵەبانی: ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنکەرە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنی گرنگیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی تاووتوێ کرد.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی 3/7/2026 لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا کرا. قوباد تاڵەبانی پشتگیری هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە حکومەتی تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی پرۆسەکە.
پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و زانستییەکان
جێگری سەرۆکوەزیران پڕۆسەی ئاشتی بە پڕۆسەیەکی مێژوویی و گرنگ بۆ تورکیا و ناوچەکە ناوبرد و رایگەیاند کە بە ئومێدێکی زۆرەوە لە هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە دەڕوانن و ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکن. هەروەها هیوای خواست ئەم قۆناغە نوێیە ببێتە هۆی پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لە بوارەکانی بازرگانی و خوێندنی باڵادا.
هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر ململانێکانی ئەمریکا و ئێران
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان، بەڵکو بە هەموو تواناوە لەگەڵ هاوبەشەکانی کار دەکات بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە.
دۆخی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە، عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و پێویستە لایەنەکان بە زووترین کات حکومەتی نوێ پێک بهێنن، چونکە دواکەوتنی زیاتری ئەم پرسە زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت. هەروەها جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات.

2 کاتژمێر پێش ئێستا