هەفتەی داهاتوو ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ دەچێتە تورکیا؛ دۆسیەی ئێف 35 تاوتوێ دەکەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ سەردانی ئەنقەرە دەکات، ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکا بۆ تورکیا لە دوای ساڵی 2009ـەوە. لەم سەردانەدا، ترەمپ ئەگەری هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکان بە تورکیا تاوتوێ دەکات کە ماوەیەکی زۆرە بلۆک کراوە.
سەردانەکەی ترەمپ بۆ ئەنقەرە
دۆناڵد ترەمپ لەمێژە ستایشی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەکات و بە "سەرکردەیەکی مەزن" و هاوڕێیەکی نزیکی خۆی وەسفی دەکات، بڕیاریشە لە 7ـی تەممووز بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ سەردانی ئەنقەرە بکات.
یەکەم سەردانی سەرۆکی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2009
بەمەش ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا، کە سەردانی تورکیا دەکات، لە دوای سەردانەکەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2009.
ئەگەری هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکان
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێنانی دیارییەکی بەنرخەوە بۆ ئەنقەرە ڕایگەیاند، دیارییەکی بەنرخ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ ئەنقەرە، ئەویش ئەگەری هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکییە بەو وڵاتە، کە سەرۆکی تورکیا ماوەیەکی زۆرە داوای دەکات.
سەرسامیی ترەمپ بە سەرکردایەتیی ئەردۆغان
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا، زۆرجار ڕەخنەی لە سەرکردەکانی دیکەی ئەورووپا گرتووە، بەڵام حەزی ترەمپ بۆ سەرکردە دیکتاتۆرەکان وایلێکردووە، سەرسامی ئەردۆغان بێت کە ماوەی 13 ساڵە لە پۆستی سەرۆکایەتیی تورکیادا ماوەتەوە.
هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 35
ئەردۆغان ئەم پەیوەندییەی قۆستووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئامادەبوونی ترەمپ لە لووتکەی ئەمساڵی ناتۆ لە ئەنقەرە، بەمەش ڕێگری لەو ئاڵۆزییە دەکات کە ئامادەنەبوونی ترەمپ دروستی دەکات و دەرفەتێکیشە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35ـی ئەمریکا، کە چەندین ساڵە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا بلۆک کراوە.
دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی ئێف 35
تورکیا لە ساڵی 2019 دوای کڕینی سیستمەکانی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400ـی ڕووسیا لە پرۆگرامی فرۆشتنی ئێف 35ـی ئەمریکا دوورخرایەوە.
نیگەرانییەکانی واشنتن لە سیستمی ئێس 400
بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە بەکارهێنانی سیستمە ڕووسییەکە لەلایەن تورکیاوە، لەوانەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا بەکاربێت و زانیارییەکان بگەنە مۆسکۆ.
پێشوەچوونی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانان لە بوارەکانی دیکەدا
لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە بوارەکانی دیکەدا بەرەو پێش چوون.
هەڵوەشاندنەوەی کەیسی هاڵک بانک
لە سەرەتای ئەمساڵدا، کەیسێکی گەورە کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە، دژی هاڵک بانک، بانکی فەرمیی تورکیا تۆمار کرابوو، کە تۆمەتبار بوو بە یارمەتیدانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، هەڵوەشێنرایەوە.
گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان
هەروەها لەوەتەی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی، لەگەڵ ئەردۆغان چەندین جار گفتوگۆی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا، غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
3 کاتژمێر پێش ئێستا