لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی خامنەیی لە عێراق قەدەغەى هاتوچۆ ڕاناگەیێنرێت

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆشەیەک لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران
گۆشەیەک لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە وڵاتەکەدا، هیچ جۆرە قەدەغەیەکی هاتوچۆ ڕانایەندرێت. هاوکات ئاماژەی بە داڕشتنی پلانێکی ئەمنی و خزمەتگوزاریی گشتگیر بە بەشداریی سەرجەم دامەزراوەکان کرد بۆ پاراستنی سەرخستنی پرۆسەکە لە شارە جیاوازەکاندا.

ڕێکارە تایبەتەکانی کەربەلا و نەجەف

سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەکە لەبارەی گرتنەبەری ڕێکارەکانەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت: "لە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف هەندێک ڕێکاری تایبەت بە شەقام و ئەو ڕێگایانە گیراوەتە بەر کە تەرمەکەی پێدا تێدەپەڕێت، ئەوەش تەنیا بەگوێرەی ئەو شوێن و کاتانەی کە لەلایەن لیژنەی تایبەت بە بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی دیاریکراون".

داڕشتنی پلانی ئەمنیی گشتگیر

سەعد مەعەن لەبارەی بەشداریی دەزگا جیاوازەکانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، پلانێکی ئەمنی گشتگیر بە بەشداریی وەزارەت، دامەزراوە و دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان داڕێژراوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ بەشداربووان.

داواکاری لە هاووڵاتییان و دەستە ئایینییەکان

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی داواشی لە هاووڵاتییان، دەستە ئایینییەکان و مەوکەبەکانی حوسێنی و شاندە بەشداربووەکان کرد پابەندی تەواوی ئەو ڕێنماییانە بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان و کادرە خزمەتگوزارییەکان بن بۆ سەرخستنی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە.

کات و شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لە عێراق

بڕیارە، تەرمی خامنەیی ڕۆژی 8ـی تەممووز، ببرێتە عێراق، لە فڕۆکەخانەی بەغدا یان نەجەف بەرپرسانی باڵا و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە پێشوازی لێبکەن و دواتر ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف و تاوەکو دەگاتە مەزاری ئیمام عەلی، بەڕێوەبچێت.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تاران

ڕۆژی هەینیش بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسانی زیاتر لە 40 وڵات، لە تارانی پایتەخت ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران بەڕێوەچوو، نوێنەرانی چین، ڕووسیا، عێراق و چەندین وڵاتی جیهان لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوون.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا