دەزگای ئاسایشی نیشتمانی: 9 بازرگانی ماددەی هۆشبەرمان لە بەغداد و بەسرە دەستگیر کرد

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق 9 بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە بەغدا و بەسرە دەستگیرکرد
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق 9 بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە بەغدا و بەسرە دەستگیرکرد

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی دوو ئۆپراسیۆنی ئەمنیی جیاوازەوە لە بەغدا و بەسرە، 9 تۆمەتباریان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە. لەم ئۆپراسیۆنانەدا دەست بەسەر کیلۆگرامێک ماددەی هۆشبەر، نزیکەی 1,000 حەبی هۆشبەر و چەکێکدا گیراوە.

ئەنجامدانی دوو ئۆپراسیۆنی ئەمنی

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دوو ئۆپراسیۆنی ئەمنیی لە بەغدا و بەسرە ئەنجامداوە.

دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و چەک

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر، ئۆپراسیۆنەکە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 9 تۆمەتبار، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی 1 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و نزیکەی 1,000 حەبی هۆشبەر و چەکێک.

ئاماری سزادانی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق

عێراق ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بازرگانانی توندتر کردووەتەوە، پێشتریش عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد، تەنیا لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، 362 بازرگانی ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 1,500 بازرگانی دیکەش سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا