زیاتر لە 640 هەزار ئاوارەی لوبنان گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان؛ 500 هەزاریش چاوەڕێی گەڕانەوەن
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ڕایدەگەیەنێت، دوای ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل کە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران هاتە ئاراوە، زیاتر لە 640 هەزار ئاوارەی لوبنانی گەڕاونەتەوە؛ بەڵام بەهۆی وێرانکاری و دروستکردنی "ناوچەی ئەمنی" لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێشتا 500 هەزار کەس بە ئاوارەیی ماونەتەوە.
گەڕانەوەی بەشێکی زۆری ئاوارەکانی لوبنان
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچەوە بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە 640 هەزار ئاوارەی لوبنان، لە کۆی زیاتر لە 1 ملیۆن ئاوارە، گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەست
گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای کەمبوونەوەی شەڕی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی ئاگربەست دێت لە 21ـی حوزەیرانەوە، لە ئەنجامی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی، مانگی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا.
مانەوەی نیو ملیۆن کەس بە ئاوارەیی
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچدا هاتووە، سەرەڕای گەڕانەوەی سەدان ئاوارە، بەڵام هێشتا 500 هەزار کەس بە ئاوارەیی ماونەتەوە.
قەدەغەکردنی گەڕانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان
بەشێکی بەهۆی قەدەغەی گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ دەیان شارۆچکە و گوند، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لە سنوور کە ڕووبەڕووی وێرانکاریی بەرفراوان بوونەتەوە.
جێگیربوونی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنیدا
بەرپرسانی ئیسرائیلی جەخت لە مانەوەیان لە "ناوچەی ئەمنی" دەکەن، کە تاوەکو 10 کیلۆمەتر بۆ ناو لوبنان درێژ دەبێتەوە و سەرەڕای ئاگربەست جارناجارێک هێرش ڕوودەدات.
زیانە مرۆییەکانی سێ مانگ لە شەڕ و پێکدادان
لە ماوەی زیاتر لە 3 مانگ لە شەڕکردن، هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 4 هەزار و 300 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 1 ملیۆن کەس، بەتایبەتی لە باشووری لوبنان و زاحیەی بەیرووت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا