ناڕوونییەکان لەبارەی یاسای پرۆسەی ئاشتی بەردەوامن و لایەنەکان لێدوانی دژ بە یەک لەسەر پرۆسەکە دەدەن

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نزیک سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دیمەنێک لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نزیک سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

سەرەڕای تێپەڕینی 20 مانگ، نەبوونی چوارچێوەی یاسایی گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم پرۆسەی ئاشتییە لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا؛ لە کاتێکدا پەرلەمانی تورکیا و پارتی دەم باس لە سازان لەسەر کاتی دەرکردنی یاساکە دەکەن، کەجەکە بێهیوایی خۆی دەردەبڕێت و ڕەتیدەکاتەوە هیچ بۆچوونێکیان وەرگیرابێت.

لێدوانی دژ بە یەکی تورکیا و پەکەکە

ماوەی چەند ڕۆژێکە ناڕوونییەکی گەورە لەبارەی هەنگاوە یاساییەکان هەیە و پەکەکە و تورکیا لێدوانی دژ بە یەک لەبارەی پرۆسەکە دەدەن.

پێشنیازە یاساکە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆجەلان

میدیای تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، دەوڵەت پێشنیازە یاسای پرۆسەکەی داوە بە ئۆجەلان، ئۆجەلان بۆچوونی خۆی لەسەر دەربڕیوە و ڕێککەوتوون.

دەرکردنی یاساکە و داخستنی دەرگا بەڕووی پەکەکەدا

کۆتایی مانگی تەممووزیش نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، یاسای پرۆسەکە دەردەکرێت و دەرگا بەڕووی ئەو ئەندامانەی پەکەکە دادەخرێت نایانەوێت بگەڕێنەوە.

ناوەرۆک و کاتی جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکە

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی یاسای پرۆسەکەوە دەڵێت، "ئەو یاسایەی دەردەکرێت، سەربەخۆ و کاتییە و ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەگرێتەوە کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیان جێبەجێکردووە، ئەم یاسایە یەکجار جێبەجێ دەکرێت و ماوەیەکی دیاریکراو بەو ئەندامانەی پەکەکە دەدرێت کە دەگەڕێنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، سوودی لێدەبینن و ئەوانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە، دەرگایان بەڕوودا دادەخرێت."

ڕەتکردنەوەی یاساکە لەلایەن کەجەکەوە

کەجەکە لەبارەی بێهیوایی خۆی و پرۆسەی ئاشتییەوە دەڵێت، تاوەکو ئێستا بۆچوونی ئۆجەلان و بزووتنەوەکەیان لەسەر یاسای پرۆسەکە وەرنەگیراوە، هەر بۆیە سەپاندنی ئەمری واقیع قبووڵ ناکەن و لەو دۆخەشدا، کەس ناتوانێت بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان پێ جێبەجێ بکات.

چۆڵکردنی کەمپەکانی گارە و گڵۆپی سەوزی میت

میدیای تورکیا لەبارەی چۆڵکردنی ناوچەکانی گارەوە دەڵێت، پەکەکە گرنگترین ناوچەی گارەی لە باشووری کوردستان چۆڵ کردووە کە بریتییە لە کەمپی سیانی و گردی تەپە، ئەوەش وای کردووە، میت گڵۆپی سەوز بۆ دەرکردنی یاسای پرۆسەکە هەڵبکات.

هەڵوێستی پارتی دەم لەسەر یاسای چوارچێوە

پارتی دەمیش سەرەڕای ڕەخنەکانی لە دەسەڵات دەڵێت، لەڕووی کاتەوە سازان لەسەر یاسای چوارچێوە کراوە. ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم لەبارەی سازان لەسەر یاسای چوارچێوە گوتی، "ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە سازان سەبارەت بە یاسای چوارچێوە کراوە، سازانەکە لەبارەی کاتەوەیە، بەڵام بە دیاریکراوی ئێستا ڕۆژژمێری هەنگاوە یاساییەکە لەبەردەستدا نییە. لەم بارەیەوە ئێمە گوتمان پێویستە مانگی تەممووز یاساکە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لەو ڕووەوە دەتوانم بڵێم بە سازان گەیشتووین. ئەمە مایەی دڵخۆشییە، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە؛ پرۆژەیاساکە چییە و چۆن دەگاتە پەرلەمان."

مەترسیی دواکوتنی یاساکە بۆ مانگی تشرینی یەکەم

ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن لەم مانگەدا کار لەسەر یاساکە بکرێت، بەڵام مەترسیش هەیە، ناکۆکییەکان دەرکردنی یاساکە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوابخەن.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا