نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە کارەساتێکی مرۆیی نوێ لە سوودان دەدات
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی توند لەبارەی تێکچوونی دۆخی شاری ئەلئەبیەزی سوودان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، مەترسیی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکی دیکەی وەک فاشر هەیە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی 18 مانگ گەمارۆدا، شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە زیاتر لە 59 هەزار کوژراو و 13 ملیۆن ئاوارەی لێکەوتووەتەوە.
هۆشداریی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆمەڵکوژیی نوێ
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی توند دەدات، دەربارەی دۆخی سوودان و ئەگەری ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی لە شاری فاشر ڕوویدا، کە بەهۆیەوە نزیکەی 6 هەزار کەس کوژران.
ڕاگەیێنراوی کۆمیساری مافی مرۆڤ لەسەر ئەلئەبیەز
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەلئەبیەز هەن، ڕوون و بێهەڵەن و ئاماژەن بۆ ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی دیکە لە سوودان، جەختی لەوەش کردەوە، کە ماوەی 18 مانگە خەڵکی سڤیل لە ئەلئەبیەز لەژێر گەمارۆ و هێرش و بۆردووماندان.
مەزەندەی قوربانیانی فاشر و زەنگی مەترسی بۆ جیهان
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی تاوانەکانی جەنگ و دووبارەبوونەوەی دڕندەییەکان لە سوودان دەشڵێت، "ئەمە هۆشدارییەکی جدییە و پێویستە بگات بە نووسینگەی سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان. ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەلئەبیەز هەن، ڕوون و بێهەڵەن، کارەساتێکی دیکەی مرۆڤایەتی لە سوودان ڕوودەدات، ماوەی 18 مانگە خەڵکی سڤیل لەژێر گەمارۆ و هێرش و بۆردووماندان، نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بدات ئەو دڕندەییە بەرفراوانەی لە کەمپی زەمزەم و شاری فاشر لە باکووری دارفۆر ڕوویدا دووبارەبێتەوە".
کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتیشی، "نووسینگەکەم مەزەندە دەکات لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی فاشر لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە، تەنیا لە ماوەی 3 ڕۆژدا 6 هەزار کەس کوژرابن. تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەوانەش کوشتنی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدان، توندوتیژیی سێکسی و ئەشکەنجەدان، زەنگێکی مەترسیدارن و پێویستە بگەن بە نووسینگەی سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکانی هەموو جیهان، تاوەکو هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن بۆ ڕاگرتنیان."
ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی وڵاتانی ئەورووپایی
ئەم گوتانەی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکاتێکدا دێت کە 47 وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوتوێی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دەکەن، کە لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا، هۆڵەندا و نەرویجەوە پێشکەش کراوە و مەبەست لێی سەرکۆنەکردنی توندوتیژییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و هاوپەیمانەکانیانن لە شاری ئەلئەبیەز و دەوروبەری، هاوكات داوای زیادکردنی پشتیوانی دارایی و لۆجستی بۆ ئەو وڵاتانە دەکەن، کە میوانداریی پەنابەرانی سوودان دەکەن و سەرکۆنەی "هەموو جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی" دەکەن لە شەڕەکەدا.
ئامارە هەمەلایەنەکانی شەڕی ناوخۆیی سوودان
شەڕی سوودان لە مانگی نیسانی 2013 و لە ئەنجامی گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 59 هەزار کەس کوژراون، نزیکەی 13 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون، وڵاتەکە تووشی گەورەترین قەیرانی برسێتی بووە و لە ئێستادا زیاتر لە 30 ملیۆن سوودانی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلەیە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا