ناتۆ لە ماوەی دوو ساڵدا 140 ملیار یۆرۆ بە ئۆکرانیا دەدات
وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەسەر پلانێک ڕێککەوتوون بۆ دابینکردنی هاوکاریی سەربازی و لۆجستی بە بەهای 140 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا؛ بڕیارە لە لووتکەی هەفتەی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە لە ئەنقەرە، وردەکارییەکانی ئەو پاکێجە دارایی و سەربازییە بە فەرمی پەسەند بکرێت.
پشتگیریی 32 وڵاتی ئەندام لە پلانەکە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، نوێنەرانی 32 وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی هەینی لە برۆکسل بەڕێوەچوو، پشتگیریان لە پلانێک کردووە، بۆ پابەندبوون بە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بەبڕی 140 ملیار یۆرۆ، بۆ ماوەی 2 ساڵ، ئەم بڕە پارەیەش بەکاردەهێنرێت بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازی، پشتیوانی لۆجستی و مەشقکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا.
دابەشبوونی بودجەی هاوکارییەکە
ئەم پاکێجەش بریتییە لە قەرزێکی 60 ملیار یۆرۆیی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ساڵانی 2026 و 2027، هەروەها ئەندامانی ناتۆ بە بڕی 80 ملیار یۆرۆی دیکە لە بودجەی نیشتمانیی خۆیان بەشداری دەبن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی دیکەی کیێڤ.
پەسەندکردنی فەرمیی بەڵێنەکان لە لووتکەی ئەنقەرەدا
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم بەڵێنانە پەسەند بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا