جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران: پلانى کارکردنمان جیاواز دەبێت لە خوولەکانى پێشوو

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە وەرزی نوێی کارکردندا کار لەپێشینەکەیان چاودێری، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چالاککردنی ڕۆڵی لیژنەکان دەبێت؛ ئەم وتانەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی "ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون.

جیاوازیی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران

عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کاری ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران جیاواز دەبێت لە خولەکانی پێشوو، لەم خولەدا کاری لە پێشینەیان چاودێری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چالاککردنی ڕۆڵی لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت.

گۆڕانکاری لە پرۆگرامی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە وەرزای نوێی کاری ئەنجوومەنەکەدا گۆڕانێکی جیاواز لە کاری پەرلەمانی لەڕووی یاسادانان و چاودێری ڕوودەدات، پرۆگرامی کاری کۆبوونەوەکان تەرخان دەکرێت بۆ گوێگرتن و گفتوگۆکردن لەسەر کاری ئەو وەزارەت و دەستە و دەمودەزگا چاودێرییانەی کە هەیە و کار دەکرێت بۆ پەرەپێدانیان.

لێپرسینەوەی بێ جیاکاری لە گەندەڵکاران

عەدنان فەیحان لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە جەخت دەکاتەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بابەتێکە گەڕانەوەی نییە، چونکە داواکاری نیشتمانیی لەسەرە و پێویستە بەبێ جیاکاری لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت.

ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی گەندەڵی

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی سزادانی تاوانبارانەوە جەخت دەکاتەوە، ئەنجوومەنەکە ڕێگە نادات گەندەڵی بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت جا تاکی گەندەڵ لە هەر پلە و پۆستێک بێت.

هاوکاتبوونی لێدوانەکان لەگەڵ ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان

گوتەکانی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاش 6 ڕۆژ لە هەڵمەتی ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان دێت کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس، پەرلەمانتار و سیاسی بە تۆمەتی گەندەڵی گەورە تێیدا دەستگیر کراون.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا