حوسییەکان سعودیە بە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا تۆمەتبار دەکەن

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا
دیمەنێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا

حوسییەکانی یەمەن لەبارەی پێشێلکردنی ئاسمانی یەمەنەوە ڕایانگەیاند و سعودییەیان تۆمەتبار کرد، کە هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا، بۆ ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی سڤیلی ئێرانی لەو فڕۆکەخانەیە و بەڵێن دەدەن کە ئەگەر ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە، فڕۆکەخانەکانی سعودیە دەکەن بە ئامانج.

وردەکاریی هێرشەکە بۆ سەر فڕۆکە مەدەنییەکە

یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکانی یەمەن لەبارەی کات و وردەکاریی پێشێلکارییەکەوە گوتی: "بەرەبەیانی هەینی، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی دوژمنی سعودی ئاسمانی یەمەنیان پێشێل کردووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا هات بۆ ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی سڤیلی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی سەنعا، کە زیاتر لە 200 هاووڵاتی و بریندار و نەخۆشی هەڵگرتبوو".

بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە جەنگییەکان بە مووشەک

گوتەبێژی حوسییەکان لەبارەی شێوازی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە بە چەند مووشەکێک ڕێگرییان لە فڕۆکە سعودییەکان کردووە و ناچاریان کردوون ئاسمانی یەمەن بەجێ بهێڵن.

هۆشداریی توند بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی سعودیە

گوتەبێژی حوسییەکان لەبارەی شکستهێنانی هەوڵەکەی سعودیە جەختی لەوە کردەوە، هەوڵی ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکە شکستی هێناوە و هۆشداری دا بە سعودیە کە "هەر هەوڵێکی دووبارە بۆ پێشێلکردنی سەروەریی یەمەن، بە بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانە و بەرژەوەندییە گرنگە زەمینی و دەریاییەکانی سعودیە وەڵام دەدرێتەوە".

گەشتی شاندی حوسییەکان بۆ تاران

پێشتریش کەناڵی تەلەفزیۆنی 'ئەلمەسیرە'ی سەر بە حوسییەکان بڵاوی کردەوە، کە فڕۆکەکە توانیویەتی بنیشێتەوە و دواتر شاندی حوسییەکان بە هەمان فڕۆکە ڕۆیشتوون بۆ تاران، بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا