ترەمپ و نەتانیاهوو بەمزووانە لە ئەمریکا کۆدەبنەوە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و ڕێککەوتوون بەمزووانە لە ئەمریکا کۆببنەوە.
گرنگیی پەیوەندییەکان و پیرۆزبایی یادی سەربەخۆیی
نووسینگەی نەتانیاهوو لەبارەی ناوەرۆکی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نەتانیاهوو لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا گرەنتیی ئازادیی جیهانییە و ئیسرائیلیش گرنگییەکی زۆر دەدات بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ واشنتن، باس لەوەش کراوە، کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بۆنەی 250 ساڵەی یادی سەربەخۆیی ئەمریکاوە پیرۆزبایی لە ترەمپ کردووە.
گرژییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی واشنتن و تاران
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوابەدوای ئەو دەنگوباسانە دێن کە باس لە دروستبوونی گرژی دەکەن لە نێوان ترەمپ و نەتانیاهوو، سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی واشنتن و تاران.
ڕەخنەکانی ترەمپ لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتووە بەهۆی هێرشەکانیانەوە بۆ سەر لوبنان، ئەمەشی وەکو هەڕەشە بۆ سەر دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران ناوبردووە، کە یەکێک لە مەرجەکانی ڕاگرتنی شەڕ و بۆردومانەکانە لەسەرجەم بەرەکاندا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا