هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان؛ گرەنتیی پاراستنی دیموکراسی و ڕێگریکردنە لە تاکڕەوی

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسی و کۆتاییهێنان بە بڕیاری تاکلایەنەیە
ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسی و کۆتاییهێنان بە بڕیاری تاکلایەنەیە

هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، گرەنتیی سەرەکییە بۆ پاراستنی دیموکراسی، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات، و ڕێگریکردن لە تاکڕەویی سیاسی. کاتێک یەک جەمسەر کۆنترۆڵی جومگەکانی بڕیار دەکات، دامەزراوە نیشتمانییەکان لاواز دەبن و بەرژەوەندیی حزبی دەخرێتە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە.

قەیرانە ستراتیژییەکانی نەبوونی هاوسەنگیی هێز

لە غیابی هاوسەنگیی هێز و کۆنترۆڵکردنی پێگەی بڕیار لەلایەن یەک لایەنی سیاسییەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی ستراتیژی بووەوە لەوانە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی ناوخۆیی و خوێندنەوەی هەڵە بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی، بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و گەمارۆدانی ئابووریی هەرێم.

دەرئەنجامەکانی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت

یاخود بڕیاری فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ و دروستبوونی قەرزێکی گەورەی دەرەکی، شەفافنەبوونی داهات، بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادوە، و دواجار شکستهێنانی پرۆسەکە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت.

دەستکەوتەکانی گێڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسی

بەگوێرەی شرۆڤەکارانی دۆخی هەرێمی کوردستان، گێڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسی و سەربازی لە نێوان هێزە سیاسییەکان چەندین دەستکەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات، لەوانە بەهێزبوون لە بەغداد و هەرێم بە یەک دەنگ و بە پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستان لەسەر بودجە و شایستە داراییەکان دەکات، هەروەها دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات، کۆتاییهێنان بە جیاکاری لە نێوان زۆنەکاندا و گەیاندنی خزمەتگوزاریی یەکسان بۆ هەموو پارێزگاکان.

بووژانەوەی دیموکراسی و دامەزراوە نیشتمانییەکان

جگە لەوەی هاوسەنگیی هێز دەبێتە هۆی بووژانەوەی دیموکراسی و ڕێگریکردن لە پاشەکشەی ئازادییەکان و کاراکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بەبێ دەستوەردانی حزبی و پاراستنی قەوارەی هەرێم.

ڕێککەوتنی نوێی یەکێتی و نەوەی نوێ

لە ئێستادا، هێزە سیاسییەکانی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە دەیانەوێت هاوسەنگیی هێز بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێننەوە و چیدیکە قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان نەکرێنە قوربانیی بڕیاری تاکلایەنە و مافەکانیان پارێزراو بێت.

کۆتاییهێنان بە چەمکی تاکڕەویی سیاسی

ڕێککەوتنەکەی ئەم دوو هێزە کە (یەکێکیان قورساییەکی سیاسی و سەربازی لە دەسەڵاتدا هەیە و ئەوی دیکەیان وەک هێزێکی دیاری ئۆپۆزسیۆنە)، دەبێتە هۆی ئەوەی چەمکی تاکڕەوی لە بڕیاردا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت و قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانیی هاوسەنگ دەست پێ بکات.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا