دوای دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی بەهۆی ڕەخنەکانییەوە؛ مەلا ڕەشید کۆچەر بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا
مەلا ڕەشید کۆچەر، مامۆستای ئاینی لە پارێزگای دهۆک، دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی ڕەخنەیی تەنزئامێز لەسەر گرانیی نرخی غاز، بە کەفالەتی 5 ملیۆن دینار ئازاد کرا و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دادگایی بکرێت.
ڤیدیۆ ڕەخنەییەکەی مەلا ڕەشید لەسەر نرخی غاز
مەلا ڕەشید کۆچەر بەر لە دەستگیرکردنی لە دیمەنێکدا کە بە مۆبایلەکەی خۆی تۆماری کردووە لەبارەی نرخی غازی ماڵانەوە دەڵێت، یەکێک لە چاکسازییەکانی برا گەورە کە زۆر گەلەکەی خۆش دەوێت ئەوەیە لیتری غازی ماڵان گەیشتووەتە 1 هەزار و 100 دینار.
ڕەخنەی تەنزئامێز و پرسی ئۆباڵی دەنگدان
مەلا ڕەشید کۆچەر هەر لەو دیمەنە ڤیدیۆییەدا بە تەنزەوە لەبارەی خەمی بەرپرسان بۆ هەژاران دەڵێت، ئەمەش مژدەیەکی براگەورەیە کە چەند لە خەمی هەژاراندابووە، هەروەها لەبارەی بەرپرسیارێتیی دۆخەکەوە دەشڵێت "ئۆباڵی هەموومان لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە 1 ملیۆن دەنگیان پێداون".
دەستگیرکردنی چالاکوانان و کاتی دادگاییکردنەکە
لەپاش ئەو گرتە ڤیدیۆییە مەلا ڕەشید کۆچەر لەگەڵ سێ چالاکوانی دیکە بەهۆی ڕەخنەگرتن دەستگیرکران و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دادگایی بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا