کاردانەوەی لایەنەکان لەسەر ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ و داواکارییەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ
ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ

دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان دەکات بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکان؛ لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم داواکارییە بە هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لە پێکهێنانی حکومەت ناو دەبات.

ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ

"پێمان گوتن مۆنۆپۆلی هێز ناهێڵین و هاوسەنگی دەگێڕینەوە"، ئەمە سەرەتای وتارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو لە ڕێوڕەسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان حیزبەکەی و نەوەی نوێ. ڕێککەوتنەکە جەخت لە هاوسەنگیی هێز دەکاتەوە و هەر بەو هۆیەوە سەرۆکی یەکێتی 2ـی تەممووزی بە ڕۆژێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان ناوبرد.

هەڵوێستی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەسەر هاوپەیمانێتییەکە

هاوسەنگیی هێز یاخود گۆڕانی پارسەنگیی هێز، خواستی یەکەمی هاوپەیمانییەکەیە، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر هاوپەیمانییەکە پیشان نەداوە، بەڵام هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە تۆڕی ئێکس لەبارەی گۆڕینی دەسەڵاتەوە نووسیویەتی "ئەگەر ئەوان بۆچوونیان وایە دەسەڵات دەگۆڕێت بۆچی بوێریان نییە بەزووترین کات پەرلەمان کارا بکەینەوە، دانوستان لەناو پەرلەمانی کوردستان بکرێت".

ئامانجەکانی پشتی داواکارییەکەی پارتی

ئەم داواکارییەتی پارتی ئەگەرچی ئامانجەکانی پشتی ڕوون نەکراونەتەوە، بەڵام پێدەچێت مەبەستەکەی ئەوە بێت لەم ڕێگەیەوە نەیەوێت دان بە هاوپەیمانییەکەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێدا بنێت و دانوستانیان لەگەڵ بکات. ئەم داواکارییەش دوای هەوڵە بێهوودەکانی دێت بۆ زۆرینەی پەرلەمانی و لە ماوەی ڕابردوودا تەقەی لە دەرگای زۆر لایەندا، بەڵام دەرگای بەڕوودا نەکرایەوە.

داواکارییەکەی پارتی بۆ خۆدزینەوەیە لە پێکهێنانی حکومەت

لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی داواکارییەکەی پارتییەوە بۆچوونی وایە ئەم داواکارییەتی پارتی تەنیا بۆ خۆدزینەوەیە لە پێکهێنانی حکومەت و نایەوێت دەستبەردانی پۆستە هەستیارەکان بێت و بڕوای بە هاوبەشیی ڕاستەقینە نییە.

مێژووی ڕێککەوتنی هێزە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان

لە 9 کابینەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێز و لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێککەوتنیان کردووە و لە پەرلەمان چوارچێوەی یاساییان بۆ داناوە و متمانەیان بە کابینە داوە، ئەمە یەکەمجارە پارتی بیەوێت پێش ڕێککەوتنی سیاسی، پرسەکان لە پەرلەمان بە بارێکدا بخات، لە کاتێکدا ساڵانێکە ڕۆڵی مەرجەعییەتی لە پەرلەمان سەندووەتەوە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا