شەڕی مۆنۆپۆلی هێز؛ یەکێتی و نەوەی نوێ بەرەو گۆڕینی هاوسەنگی دەڕۆن و پارتی پەنا بۆ پەرلەمان دەبات

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئوتێل شاری جوان لە سلێمانی
ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئوتێل شاری جوان لە سلێمانی

پاش ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، ململانێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان چڕتر دەبێتەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان داوای گواستنەوەی گفتوگۆکان بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان دەکات.

ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە مۆنۆپۆلی هێز

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە لەگەڵ نەوەی نوێ ڕایگەیاند کە چیتر مۆنۆپۆلی هێز ناهێڵن و هاوسەنگی دەگێڕنەوە. تاڵەبانی ڕۆژی 2ـی تەممووزی وەک "ڕۆژێکی نوێ" لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان ناوزەند کرد و جەختی لە گۆڕینی پارسەنگی هێز کردەوە وەک خواستی سەرەکیی هاوپەیمانێتییەکەیان.

هەڵوێستی پارتی و داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان

لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە سیاسییە، پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی ڕانەگەیاندووە، بەڵام هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشنیاری گواستنەوەی گفتوگۆکانی کردووە بۆ ناو پەرلەمان. هەورامی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر لایەنەکان پێیان وایە دەسەڵات دەگۆڕێت، پێویستە بەزووترین کات پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دانوستانەکان لە ناو پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێن.

یەکێتی: پارتی دەیەوێت لە ڕێککەوتن ڕابکات

بەرپرسانی یەکێتی ئەم داواکارییەی پارتی بە هەوڵێک بۆ "خۆدزینەوە" ناودەبەن. لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاندووە کە داواکاریی کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنیا بۆ خۆدزینەوەیە لە پێکهێنانی حکومەت. بە بڕوای یەکێتی، پارتی نایەوێت دەستبەرداری پۆستە هەستیارەکان بێت و بڕوای بە هاوبەشیی ڕاستەقینە نییە، بۆیە پەنا بۆ ئەم جۆرە داواکارییانە دەبات.

گۆڕانکاری لە سستمی دانوستانە سیاسییەکان

بەپێی مێژووی 9 کابینەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە ڕێککەوتنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان کراون و پاشان لە ناو پەرلەمان چوارچێوەی یاساییان بۆ دابین کراوە و متمانە بە کابینەکان دراوە. ئەمە یەکەمجارە پارتی داوا دەکات پێش ڕێککەوتنی سیاسی، پرسەکان لە ناو پەرلەمان یەکلا بکرێنەوە، لە کاتێکدا پێشتر ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرا کە ڕۆڵی مەرجەعییەتی لە پەرلەمان سەندووەتەوە. ئامانجی ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ داننەنان بە هاوپەیمانییە نوێیەکە لێکدەدرێتەوە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا