جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق: پلانی کارکردنمان جیاواز دەبێت لە خولەکانی پێشوو

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەدنان فەیحان دلێمی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق
عەدنان فەیحان دلێمی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق

جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق جەخت لە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی کارکردنی پەرلەمان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە وەرزى نوێدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەبێتە کاری لەپێشینەیان و لێپرسینەوە لە هەموو پلە و پۆستەکان دەکرێت.

گۆڕانکاری لە پلان و شێوازی کارکردنی پەرلەمان

عەدنان فەیحان، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، کارى ئەم خوولەى ئەنجوومەنى نوێنەران جیاوازدەبێت لە خوولەکانى پێشوو. ئاماژەی بەوە کرد کە لەم خولەدا کارى لە پێشینەیان چاودێرى و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و چالاککردنى ڕۆڵى لیژنەکانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەران دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاودێری وردتر بکرێت.

وەرزێکی نوێ بۆ یاسادانان و چاودێریکردنی وەزارەتەکان

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى نوسینگەى جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان، لە وەرزى نوێى کاردا گۆڕانێکى جیاواز لەکارى پەرلەمانى لەڕووى یاسادانان و چاودێرى ڕوودەدات. پرۆگرامى کارى کۆبوونەوەکان تەرخان دەکرێت بۆ گوێگرتن و گفتوگۆکردن لەسەر کارى ئەو وەزارەت، دەستە و دەمودەزگا چاودێریانەی کە هەن و کار بۆ پەرەپێدانی سستمی کارکردنیان دەکرێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی بێ جیاوازیی گەندەڵی

فەیحان جەختدەکاتەوە کە ڕووبەڕووبنەوەى گەندەڵى بابەتێکە گەڕانەوەى نییە، چونکە داواکارى نیشتمانیی لەسەرە و پێویستە بەبێ جیاکارى لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانى بکرێت. جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی کردەوە کە پەرلەمان ڕێگە نادات گەندەڵى بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت، جا ئەو کەسەی تێوەگلاوە لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت.

هەڵوێستی پەرلەمان دوای ئۆپراسیۆنی "بەرەبەیان"

ئەم لێدوانانەی عەدنان فەیحان پاش 6 ڕۆژ لە دەستپێکردنی هەڵمەتى ئۆپراسیۆنى "بەرەبەیان" دێت. لەو ئۆپراسیۆنەدا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردووە، ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرس، پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسی بەتۆمەتى گەندەڵى گەورە دەستگیرکراون.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا