عێراق: بۆ ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی قەدەغەى هاتوچۆ ڕانایەگەیێنرێت
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، وردەکارییەکانی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی هێنانەوەی تەرمی ڕێبەری کۆچکردووی ئێران بۆ شارە پیرۆزەکانی عێراق ئاشکرا دەکات.
ڕێکارەکان لەبری قەدەغەی هاتوچۆ
سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، لە کاتی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی سەید عەلی خامنەیی لە عێراقدا، قەدەغەی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە پارێزگاکانى کەربەلا و نەجەف هەندێک ڕێکاری تایبەت بە شەقام و ئەو ڕێگایانە دەگیرێتەبەر کە تەرمەکەی پێدا تێدەپەڕێت، ئەوەش بەگوێرەى ئەو شوێن و کاتانەی کە لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە دیاریکراون.
پلانێکی ئەمنی گشتگیر و خزمەتگوزاری
بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ بەشداربووان، پلانێکی ئەمنی گشتگیر بە بەشداری وەزارەت، دامەزراوە و دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان داڕێژراوە. سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی داوا لە هاووڵاتییان، دەستە ئاینییەکان و مەوکەبەکانی حوسێنی دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن بۆ سەرخستنی ڕێوڕەسمەکە.
کاتی گەیشتنی تەرمەکە بۆ عێراق
بڕیارە ڕۆژی 8ـی تەممووز، تەرمەکە ببرێتە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغداد یان نەجەف لە لایەن بەرپرسانی باڵا و فەرماندە سەربازییەکانەوە پێشوازی لێبکرێت. دواتر ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف تاوەکو مەزاری ئیمام عەلی بەڕێوەدەچێت.
بەشداری نێودەوڵەتی لە ڕێوڕەسمەکەدا
ڕۆژى هەینی بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسانی زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان، لە تارانی پایتەخت ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەکە بەڕێوەچوو. لەو مەراسیمەدا نوێنەرانی وڵاتانی چین، ڕووسیا، عێراق و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان بەشدارییان کردبوو.
3 کاتژمێر پێش ئێستا