فوئاد حوسێن لە پورتوگال؛ عێراق دەرگای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا پورتوگالییەکان واڵا دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق لە لیشبۆنە دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی پورتوگالی پرسی پەرەپێدانی کەرتە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنانی لە عێراق تاوتوێ کرد.
سەردانی وەزیر و کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لیشبۆنەی پایتەختی پورتوگال. لە پەراوێزی سەردانەکەیدا، لەگەڵ نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی عەرەبی-پورتوگالی و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی پورتوگالی کۆبووەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
عێراق وەک هاوبەشێکی ستراتیجی لە ناوچەکەدا
وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، عێراق هاوبەشێکی ستراتیجی گرنگی ئەورووپایە لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و گواستنەوەدا. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق گرنگییەکی زۆر بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ پورتوگال و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت دەدات، بۆ ئەوەی هاوبەشییەکی ستراتیجی درێژخایەن بنیاد بنرێت کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا بێت.
دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و سەقامگیری ئابووری
فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە عێراق لە ئێستادا لە قۆناغێکی گرنگی سەقامگیری و کرانەوەی ئابووریدایە و دەرفەتی وەبەرهێنانی باش لە کەرتە جیاوازەکاندا دەڕەخسێنێت. لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگترین ئەو پڕۆژانەی خستە ڕوو کە حکومەت جێبەجێیان دەکات، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، گاز، پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان، کشتوکاڵ و کەرتی نیشتەجێبوون.
دابینکردنی ژینگەی لەبار بۆ کۆمپانیا بیانییەکان
وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا بیانییەکان. لە کۆتایی وتەکانیدا، فوئاد حسێن داوای لە کۆمپانیا پورتوگالییەکان کرد کە سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و دەست بە وەبەرهێنان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا