کاتێک گەشت دەبێتە ماتەم؛ وردەکاریی ڕووداوەکانی خنکان لە سۆران

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مەترسییەکانی خنکان لە ڕووبارەکاندا زیادیکردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداریی توند دەدەنە گەشتیاران.

ئاماری خنکان و هەڵمەتەکانی ڕزگارکردن

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 4 حاڵەتی خنکان لە سنوورەکە تۆمارکراون. ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکان بۆ بەرزیی ئاستی ئاو و پابەندنەبوونی گەشتیاران بە ڕێنماییەکان دەگەڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانیان توانیویانە لەو ماوەیەدا ژمارەیەک هاونیشتمانی لە مەترسی خنکان ڕزگار بکەن.

ڕێکارەکانی بەرگری شارستانی بۆ پاراستنی گەشتیاران

بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان و لە نزیك ڕووبارەکان جێگیرکراون. ڕەوەند هاودیانی ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان بەردەوام ڕێنمایی دەدەنە گەشتیاران تاوەکو لە شوێنە مەترسیدارەکان نزیک نەبنەوە، هەروەها لە زۆربەی ئەو شوێنانەی ئاوەکەیان قووڵە تابلۆی ئاگادارکردنەوەیان داناوە.

وشیاریی گەشتیاران و چاودێریکردنی منداڵان

زاهیر ئیبراهیم، وەک گەشتیارێک کە لەگەڵ خێزانەکەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، باسی لە گرنگیی وریایی و چاودێریکردنی منداڵەکان کرد لە کاتی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە لە ناو ئاودا. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تابلۆکانی ئاگادارکردنەوە کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکان هەیە، بەڵام پێویستە گەشتیاران خۆیان بەو ڕێنماییانەوە پابەند بن بۆ ئەوەی کاتەکان ئارام بەسەر بەرن.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا