پاش ماوەیەک لە گرژی؛ ترەمپ و نەتانیاهوو بە تەلەفۆن قسەیان کرد و بڕیاری کۆبوونەوەیان دا

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە واشنتن.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و ڕێککەوتن بۆ کۆبوونەوە

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. لە ئەنجامی ئەم پەیوەندییەدا، هەردوولا ڕێککەوتوون کە بەمزووانە لە ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسی و ئەمنییەکان.

پیرۆزبایی و جەختکردنەوە لە پەیوەندییەکان

بنیامین نەتانیاهوو بەبۆنەی 250 ساڵەی یادی سەربەخۆیی ئەمریکاوە پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە. لە ڕاگەیێنراوی نووسینگەکەیدا هاتووە کە نەتانیاهوو بە ترەمپی ڕاگەیاندووە "ئەمریکا گرەنتیی ئازادیی جیهانییە". هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە نزیک و مێژووییەکانی لەگەڵ واشنتن دەدات.

پاشخانی گرژییەکان و یاداشتی لێکتێگەیشتن

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای زنجیرەیەک دەنگوباس دێت کە باس لە دروستبوونی گرژی لە نێوان ترەمپ و نەتانیاهوو دەکەن. سەرچاوەی ئەم ناکۆکییانە بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران دەگەڕێتەوە، کە تێیدا هەردوولا ڕوانگەی جیاوازیان لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران هەیە.

کاریگەری هێرشەکان لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتووە بەهۆی هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان. ترەمپ ئەم هێرشانەی وەک هەڕەشە بۆ سەر دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران ناوبردووە، چونکە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕاگرتنی شەڕ و بۆردوومانەکانە لە سەرجەم بەرەکاندا.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا