نەجات عومەر: لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکەم ددانەکانمیان شکاند و لە هەولێر دەریانکردم
پاش ئەوەی کارمەندێکی سکیوریتی لە شاری هەولێر داوا لە ئەندامێکی ئاسایش دەکات بەبێ چەک بچێتە ناو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، بۆ ماوەی 6 ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێت و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، لە شارەکە دەردەکرێت.
هۆکاری دەستگیرکردنی کارمەندەکە
نەجات عومەر، کە کارمەندی سکیوریتییە لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر ڕایگەیاند، کاتێک کارمەندێکی ئاسایش ویستوویەتی بچێتە ناو پڕۆژەکەوە، داوای لێکردووە چەکەکەی دابنێت و پاشان بچێتە ژوورەوە. بەڵام کارمەندەکەی ئاسایش ڕووبەڕووی بووەتەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مەفرەزەیەکی ئاسایشەوە کردووە، ئەوانیش هاتوون و نەجاتیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش گواستووەتەوە.
6 ڕۆژ ئەشکەنجەدان لە زیندان
نەجات عومەر ئاماژە بەوە دەکات، پاش گواستنەوەی بۆ ئاسایش، بۆ ماوەی 6 ڕۆژ بەبێ هۆکار ئەشکەنجە دراوە. بە گوتەی خۆی، لەو ماوەیەدا ددانی شکێندراوە و زیانێکی زۆر بە بەشێکی زۆری جەستەی گەیشتووە، کە تاوەکو ئێستاش ئاسەواری ئەو ئەشکەنجەدانە بە جەستەیەوە ماوەتەوە.
پرۆسەی ئازادکردن و شاربەدەرکردن
لە ڕۆژی شەشەمی دەستبەسەرکردنیدا، نەجات بە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایش دەبرێتە نزیک پارکی سامی عەبدولڕەحمان و لەوێ ئازاد دەکرێت و مۆبایلەکەی پێدەدرێتەوە. ڕاستەوخۆ پاش ئازادکردنی، کەسێک کە خۆی وەک موختاری ناوچەکە ناساندووە پەیوەندی پێوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە چیتر جێگەی لە هەولێر نابێتەوە و دەبێت شارەکە جێبهێڵێت.
ترس لە تۆڵەکردنەوە و دۆخی ئێستا
لە ئێستادا نەجات عومەر لە شاری سلێمانییە و باس لەوە دەکات کە لە ناو زیندانی ئاسایش ترسێکی زۆری لێ نیشتراوە. ناوبراو دەڵێت، ترسی هەیە لەوەی ئەگەر زۆر باسی بابەتەکە بکات، ئاسایش وەک تۆڵەکردنەوە هەڵبکوتنە سەر ماڵی برا و کەسوکارەکەی لە هەولێر. نەجات ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا نازانێت کەی ڕێگەی پێدەدرێت بگەڕێتەوە ناو کەسوکاری و سەر کارەکەی.
3 کاتژمێر پێش ئێستا