د.خەندە عەبدوللـەتیف: وەکو کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەبەخشینی نێودەوڵەتیمان وەرگرتووە

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
 د.خەندە عەبدوللەتیف ئەنوەر، پزیشکی ڕاوێژکار لە مایکرۆباۆلۆجی و جێگری ڕاگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی
د.خەندە عەبدوللەتیف ئەنوەر، پزیشکی ڕاوێژکار لە مایکرۆباۆلۆجی و جێگری ڕاگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی

پرۆسەی متمانەبەخشینی نێودەوڵەتی پرۆسەیەکی گرنگە بۆ خوێندکارانی کۆلێژە پزیشکییەکان، دێسکی تەندروستیی کەناڵ8، دیمانەیەکامان لەگەڵ د.خەندە عەبدوللەتیف، پزیشکی ڕاوێژکار لە مایکرۆبایۆلۆجی و جێگری ڕاگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی ، سەبارەت بە گرنگیی پرۆسەی متمانەبەخشینی نێودەوڵەتی بۆ کۆلێژە پزیشکییەکان ئەنجام داوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:

پرۆسەی ئەکریدیتەیشن چییە؟

پرۆسەی ئەکریدیتەیشن بریتییە لە پرۆسەی متمانەوەرگرتن لایەن دەزگایەکی فەرمیی نێودەوڵەتی، کە ئەو دەزگایە خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی متمانەپێکراو بێت، ئەو دەزگایە چەند پێوەرێکی تایبەتی هەیە و دەتوانێت متمانە ببەخشێت بە کۆلێجە پزیشکییەکان، بۆ ئەوەی ئەو کۆلێجانە لەسەر ئاستی جیهان باوەڕپێکراو بن لەگەڵ کۆلێجە پزیشکییە جیهانییەکان، واتە پرۆسەی ئەکریدیتەیشن بڕوانامەی کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی هاوتا دەکاتەوە لەگەڵ بڕوانامەی کۆلێجە پزیشکییە جیهانییەکان.

گرنگیی پرۆسەی متمانەوەرگرتن

هەر خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی کە دەردەچێت(قۆناغی شەشی کۆلێجی پزیشکی تەواو دەکات)، بیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات، بۆ هاوتاکردنی بڕوانامەکەی پێویست ناکات سەرلەنوێ خوێندن دەستپێبکاتەوە، واتە خوێندکارەکە لە ئەو کۆلێژەی پێشکەشی داواکارییەکی دەکات، بڕوانامەکەی هاوتا دەکرێت بە بڕوانامەی ئەو کۆلێژەی داواکاریی خوێندنی بۆ پێشکەش دەکات، واتە بڕوانامەکەی دانیپێدا دەنرێت، هەر کۆلێجێک کە متمانەبەخشینی نێودەوڵەتی وەردەگرێت بە دوو شێواز متمانە وەردەگرێت، بۆ ماوەی چوار ساڵ یان بۆ ماوەی شەش ساڵ متمانە وەردەگرێت، کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەبەخشینی نێوادەوڵەتی وەرگرتووە.

پێوەرەکانی پڕۆسەی متمانەبەخشینی نێودەوڵەتی چین؟

دەزگای نێودەوڵەتیی متمانەبەخشینی کۆلێژە پزیشکییەکان کۆمەڵێک پێوەری هەیە دەبێت لەگەڵ پێوەری کۆلێژە پزیشکییە جیهانییەکان بگونجێن، لەوانە:

  1. پڕۆگرامی خوێندنی کۆلێژی پزیشکی (دەبێت ساڵانە نوێ کرابێتەوە)
  2. پێوەری تاقیکردنەوەکان
  3. ژمارەی خوێندکاران
  4. ژمارەی هۆڵەکان
  5. ژمارەی هۆڵەکانی خوێندن
  6. ژمارەی فەرمانبەرانی کۆلێژی پزیشکی
  7. بەشداریپێکردنی خوێندکاران لە چالاکییەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگە
  8. هەماهەنگیی لەگەڵ نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان

ئامادەکردنی: ئاسۆ فازیل

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا